Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانتارانی پارتی لە هەوڵی چارەکردنی کێشەی ڕەگەزنامەی ھەزاران ھاووڵاتیی کوردستانیدان

 


ھەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق کارکردنی بە تۆماری لاوەکیی ھاووڵاتییان ڕاگرت و بە ھۆیەوە ھەزاران ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان لە نوێکردنەوەی بەڵگەنامەی ڕەگەزنامەی عێراقی بێبەش کران، پەرلەمانتارانی پارتی لە ھەوڵی ئەوەدان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڕیارێک بۆ چارەکردنی کێشەکە بدرێت.

 

محەمەد ئەمین مزووری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: "ھەموو ھەوڵێکیان خستووەتەگەڕ بۆ چارەکردنی کێشەی ڕەگەزنامەی ھەزاران ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان، ئەوانەی لە لایەن بەغداوە کێشەیان بۆ دروست کراوە، بڕیارە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ بگەنە ئەنجامێک تا بڕیار بدرێت بۆ ئەوەی کێشەی ڕەگەزنامەی ئەو ھاووڵاتییانەی ھەرێمی کوردستان چارە بکرێت.

 

پەرلەمانتارەکەی پارتی ڕوونی کردەوە: "پێشتر لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە کارکردن بە تۆماری لاوەکی ڕاگیراوە و ئەو ھاووڵاتییانە دەگرێتەوە کە بەر لە ساڵانی ھەشتاکان تۆمار نەکراون، ئێستا ڕەگەزنامەیان بۆ نوێ ناکرێتەوە و وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگرتووە. ھەروەھا پێنج ھەزار ئافرەتی بیانی کە پێک ھاتوون لەو ئافرەتانەی خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستانن، پێش و لە سەردەمی شۆڕشدا ھاوسەرگیرییان لەگەڵ پیاوانی ھەرێمی کوردستان پێک ھێنانەوە و چەندین ساڵە لێرە نیشتەجێن، بەڵام چونکە لە بنەڕەتدا لە تۆماری عێراقدا تۆمار نەکراون، ئێستا مامەڵەکانیان ڕاگیراوە."

 

مزووری دەڵێت: "بۆ نموونە، یەکێک لەو ئافرەتانە چەندین ساڵە ھاوسەرگیریی لەگەڵ ھاووڵاتییەکی ھەرێمی کوردستان کردووە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە ھۆی نەخۆشییەوە دەیوست بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی دەرەوەی وڵات بکات، بەڵام بە ھۆی کێشەی ناسنامەوە نەیتوانیوە."

 

محەمەد ئەمین مزووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لەھەوڵداین ئەو کێشەیە چارە بکرێت و سەردانی فەرمانگەکانی ڕەگەزنامەی ھەرێمی کوردستانمان کردووە، بڕیاریشە سەردانی وەزیری ناوخۆی عێراق بکەین، چونکە بەشێکی کێشەکە بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ چارە دەکرێت و بەشێکی دیکەی پێویستی بە ھەموارکردنەوەی یاساکان ھەیە، ئێمەیش پلانمان ئەوەیە بەردەوام بین تا کێشەکە بە تەواوی کۆتایی دێت."

 

قائید میرۆ