Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحموود محەممەد: لەگەڵ یەكێتی زۆر لێك نزیكن.. نامانەوێت ھیچ لایەنێك پەراوێزبخرێت

 
سلێمانی-KDP.info- دوای كۆتایی ھاتنی كۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەكێتی لە سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ھاوبەشدا مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.
 
مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی رایگەیاند: "دەمانەوێت بۆچوونێكی ھاوبەش بۆ پێكھێنانی حكوومەت دروست بكەن، دەمانەوێت ئارامی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان بەرقراربێت، كە ببێتە ھۆی بوژانەوەی ئابووری و ژیانی خەڵك".
 
گوتیشی: "لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی یەكێتی بیروڕامان گۆڕییەوە و كۆمەڵێك بیروڕای ھاوبەشمان ھەیە و زۆر لێك نزیكن و لەو بڕوایەداین لە كۆبوونەوەی داھاتوو كۆتایی بەو بابەتە بێنین".
 
وتەبێژی پارتی، ئەوەشی خستەڕوو: "ھەر ئەمڕۆش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبینەوە و لە رۆژانی داھاتووشدا سەردانی ئەو لایەنانەی دیكە دەكەین كە دەیانەوێت بەشداری لە حكوومەت بكەن، ئێمە نامانەوێت ھیچ لایەنێك پەراوێزبخرێت".
 
راشیگەیاند: "دەمانەوێت كابینەیەك پێكبێنین كە گوزارشت لە خواست و داخوازی ھەموو خەڵكی كوردستان بكات و ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكمان داوە جێبەجێیان بكەین".
 
سەعدی پیرە، لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا گوتی: "لە كۆبوونەوەكەدا جەختمان لەوەكردەوە كە چۆن بتوانین سوود لە ھەڵەكانی رابردوو وەربگرین، دەمانەوێت لەسەر بنەمای كاری ھاوبەشمان لە رابردوو، ھەروەھا سوود وەرگرتن لە ھەڵەكانی لە كابینەی داھاتوودا كاربكەین".
 
جەختیكردەوە: "وەك یەكێتی ھێڵی سوورمان لەسەر ھیچ لایەنێك نییە كە بیانەوێت بەشداری لە حكوومەت بكەن".
 
گوتیشی: "كابینەی داھاتوو لەسەر بنەمای گونجاندنی بەرنامەی ھاوبەش دەبێت، بۆ پاراستنی ئەزموونی ھەرێمی كوردستان و خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان".