Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

به‌غدا.. 90%ی كێشەكانی ھەرێم و بەغدا تایبەت بە بودجە چارە كراون

 

بەغداد -KDP.info- لە میانەی تاوتووكردنی بودجەی ساڵی 2019ـدا، د. بەشیر حەداد و د. فوئاد حوسێن كۆ بوونەوە و، جەختیان لە چەسپاندنی مافەكانی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا كردەوە. پەرلەمانتارێكی پارتییش دەڵێ، شاندی ھەرێم و بەغدا، لەبارەی بودجەوە 90% گەییشتوونەتە ڕێككەوتن.

 لە ڕاگەیێندراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا، كە كۆپێكی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، هاتووە: "دكتۆر فوئاد حوسێن وەزیری دارایی، بە یاوەریی شاندێك سەردانی دكتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیان كردووە و تاوتووی بەشەبودجەی كوردستانیان كرد".

ئاماژە بەوەش دراوە: "لە میانەی كۆبوونەوەكەدا، هەردوو لا تاوتووی پرسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراقیان كرد و جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە بە ھاوبەشی داكۆكی لە مافەكانی كورد بكەن بۆ ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان بە تەواوی لە بودجەی عێراقدا بچەسپێت".

لە لایەكی دیكەوە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ شەو پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی حكوومەتی عێراق كۆ بووەوە و تێیدا بڕیار درا لیژنەیەك لە نێوان وەزارەتی دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمان دروست بكرێت و بە بودجەدا بچنەوە، سەرەتای حەفتەی داھاتوویش لیژنەكە دروست دەكرێت و تاوەكو رۆژی دووشەمەی دابێ بە بودجەدا دەچنەوە و ئامادەی دەكەن، بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەم پەرلەمان و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت".

دووبەردانی گوتیشی: "ئێمە وەكوو نوێنەرانی كورد، پێداگری لەسەر  جێگیركردنی داواكاریی كورد لە بودجەدا دەكەین، وەك پشكی ھەرێم 17% و مافی پێشمەرگە و تەرخانكردنی بڕێك پارە بۆ جووتیارانی ھەرێم كە ھیی چەند ساڵی ڕابردوو خەرج نەكراوە".

دەشڵێ: "شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدایە و لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی، تاوەكوو ئێستایش تواندراوە 90%ی كێشەكانی ھەرێم و بەغدا تایبەت بە بودجە چارە بكرێن، هەروەها لەم دوو سێ رۆژەی داھاتوودا ئەو كێشانەی ماویشن چارە دەكرێن".

 

بڵند ئیبراھیم - هێڤیار هەڵەبجەیی