Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پێشمەرگە دەیەوێ ژمارەی لیواکانی کەم بکاتەوە

 

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگە لە ھەوڵی کەمکردنەوەی لیواکانی وەزارەتدایە، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، وەزارەتی پێشمەرگە لە بەرنامەیدایە لیواکانی لە چوار لیواوە بکاتە سێ لیوا.

 

وەزارەتی پێشمەرگە چوار لیوای ھەیە، ھەر لیوایەک نزیکەی ٢٥٠٠ پێشمەرگە دەبن، ئەو لیوایەش ٤ فەوجی ھەیە و ھەر فەوجێک ٥٥٠ پێشمەرگە دەبن.

لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەرنامەیەک ھەیە بۆ کەمکردنەوەی لیوای وەزارەت بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەی فەرمیی لەو بارەیەوە کردووە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەکادیمی و بە شێوەی لیوا ڕێکخستنەوەیەکی تازە بۆ زێرەڤانی و یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ بکرێت، بەڵام ئەوە کارێکی زۆری دەوێ و تا ئێستا نەکەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە."

لیوا بابەکر ئاماژەی دا: "لە ئەگەری کەم کردنەوەی لیواکان ئەوا لە چوار لیواوە دەکرێنە سێ، کەمکردنەوەکە لەسەر میلاکاتی ئەو لیوایانەدەبێ، نەوەکو ھەیبەتی لیواکە،‌ ئەوکات بە شێوەیەکی ئەکادیمی و نیزامی ڕێک دەخرێن و ھەموو پێداویستییەکانی ئەو لیوایە بە شێوەیەکی ڕێک جێبەجێ دەکرێت و چەک و تەقەمەنی و پێداویستییەکانی تر ھاوپەیمانان دابینی دەکەن."

لیوا بابەکر ڕاشیگەیاند: "کەمکردنەوەی لیواکان و ڕێکخستنەوەکەیان بە شێوەی سیستەمی لیوای نێودەوڵەتی دەبێت."

ھەڵکەوت محەممەد