Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. بەشیر: سبەی لیژنەی ھەمواركردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە پێك دەھێندرێت

 

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیارە سبەی لیژنەیەك بۆ ھەمواركردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە لە نێوان حكوومەت و پەرلەماندا دروست بكرێت و، كوردیش لەو لیژنەیەدا نوێنەری دەبێت.

د. بەشیر خەلیل حەداد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە سبەی لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان حكوومەت و پەرلەماندا دروست بكرێت و لیژنەكە ئەندامانی ھەموو كوتلەكانی تێدا دەبێت و كوردیش نوێنەری خۆی دەبێت و رەنگە سەرۆكی لیژنەكە حكوومەتیش وەزیری داریی بێت، كە ئەویش كوردە و ئەو لیژنەیە پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاسای بودجەدا دەكات و ئامادەی دەكەن و دەیخەنە بەردەم پەرلەمان، كە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت و دواتریش گفتوگۆ و خوێندنەوەی دووەم و پەسەند دەكرێت".

حەداد گوتیشی: "ئەو لیژنەیە داواكاریی ھەموو لایەنەكان وەردەگرێت و كوردیش داواكاریی خۆی ئامادە كردووە، هەروەها ئەو لیژنەیە كار دەكات بۆ ئەوەی داواكارییەكانی لایەنەكان لە بودجەدا جێگیر بكرێن".

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەش كرد: "ئەوەی  لای كورد گرینگە ئەوەیە كە، پشكی كورد و بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاكان بۆ پڕۆژەكان زیاد بكرێت و مووچەی كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا یەك بخرێت، هەروەها داواكاریی دیكەیشمان هەن و پێویستە لە بودجەدا شوێنیان بۆ بكرێتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت ئەم حەفتەیە بەردەوام گفتوگۆ لەبارەی بودجەوە بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت یەكلا بكرێتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم