Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئاژگەیی: یەکێتیی ئەورووپا ستراتیژیی نوێی بۆ عێراق هەیە و لە سوودی هەرێمی کوردستانە

هەولێر-KDP.info-  نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، ئەورووپا دەخوازێت هەرێمی کوردستان بەهێز بێت. دەشڵێت، شاندێکی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ نەهێشتنی کێشەکان سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد کە ماوەی ١٥ ڕۆژ دەبێت چەندین گفتوگۆیان لەگەڵ باڵیۆزانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا کردووە. لە بەرنامەشیاندایە لەگەڵ ئەو باڵیۆزانەی ماویشن حەفتەی داهاتوو کۆ ببنەوە.

ئاژگەیی مەبەستی ئەو کۆبوونەوانەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی بۆ پێشهاتەکان و ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی عێراق گەڕاندەوە و، پەیوەندییەکانی هەرێم و ناوەندیش تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانیان بووە، لەو بارەیەوە گوتی: "داوامان کردووە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆڵێکی گرینگ بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ببینن، کە فشار بخرێتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی ئەو هەڵانەی پێشتر بەرامبەر هەرێمی کوردستان کردوونی، دووبارە نەبنەوە و دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت".

نوێنەرەکەی حکوومەتی هەرێم نایشارێتەوە، کە بە دیکۆمێنت تەعریبکردنی کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەریان داوەتە باڵیۆزی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، کە لە لایەن پارێزگاری داسەپێندراوی ئێستای شارەکەوە پیادە دەکرێن، هاوکات جەختیشیان لەسەر بوودجەی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق کردووەتەوە، کە مافی تەواوی کوردی تێدا نییە."

ئاژگەیی، ستراتیژییە نوێیەکەی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر بارودۆخی عێراق بە سوودی هەرێمی کوردستانی دەزانێت بەو پێیەی لە لایەن هەر ٢٨ وڵاتەکەی ئەندامی ئەو یەکێتییەوە داڕێژراوە، لەبەر ئەوەی سەرجەمی خاڵە ناکۆکی و دەستوورییەکانی چارەکردنی بارودۆخی عێراق و هەرێمی تێدا نووسراون، کە دەبێت بە پێی دەستوور سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن و دەڵێت: "هەر لەو ستراتیژییە نوێیەشدا هاتووە، کە دەبێ سەرجەمی خاڵە دەستوورییەکان جێبەجێ بکرێن، نەک تەنیا ئەو خاڵە و ماددەیەی کە حکوومەتی عێراق دەیەوێت جێبەجێ بکات".

ستراتیژیی نوێی یەکێتیی ئەورووپا دەست پێ دەکات

وەک نوێنەرەکەی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ کرد، چەند مانگێکە یەکێتیی ئەورووپا ستراتیژیی نوێی خۆی سەبارەت بە عێراق ڕاگەیاندووە و دەشڵێ، پرسیاریان لە باڵیۆزانی ئەندامی ئەو یەکێتییە کردووە، سەبارەت بە وادەی دەستبەکاربوونی، لە وەڵامدا، بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاندراوە، کاتێ کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە تەواوی پێک هات، ئەوکات، باڵیۆزەکانیان لە بەغدا پێکەوە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا دەکەن، هاوکات بۆی هەیە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بکەن، ئەوەش لە پێناو ئەوەی ئەوان چۆن بتوانن ئەو ستراتیژییە نوێیەیان بۆ چارەکردنی کێشەکان باس بکەن و کاریگەرییان هەبێت.

یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت هەرێمی کوردستان لە ناو عێراقی فیدراڵدا بەهێز بێت و مافەکانی بەغدا و هەرێمیش لە دەستووردا چۆن هاتوون، بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێن،  هەروەها ئەو خاڵانەیشی کە لە لایەن نوێنەرایەتیی هەرێمەوە دراونەتە باڵیۆزی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا. دلاوەر وای گوت.

ئاژگەیی ئەوەیشی ئاشکرا کرد: "بۆ دەستپێکردنی ستراتیژییە نوێیەکەی یەکێتیی ئەورووپا، لەمەڕ بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، شاندێکی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆتایی مانگی ١٢دا سەردانی بەغدا و هەولێر دەکەن، بە مەبەستی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

خێڵان بەختیار