Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە مەخموور جووڵەی داعش زیادی کردووە و پێشمەرگەش ئامادەیە

 

مەخموور-KDP.info-  لە سنووری قەزای مەخموور، ئەو ناوچانەی پۆلیسی فیدڕاڵ و سوپای عێراقیان تێدایە، چەکدارانی داعش دەستیان بە جووڵە کردووە و  فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێ، داعش لە ناوچەکە ھەیە و پێشمەرگەش ئامادەیە بۆ ھەر بەرپەرچدانەوەیەکی تیرۆریستان.

 

مەخموور ھاوسنووری مووسڵ و کەرکووکە، ئەو سێگوشەیە بووەتە پایتەختی داعشەکانی ھەردوو پارێزگای مووسڵ و کەرکووک و سەدان چەکداری داعش بە درێژاییی سنووری مەخموور کۆ بوونەتەوە و نیازی خراپیان ھەیە. لەوبارەیەوە ڕزگار محەمەد، قایمقامی قەزای مەخموور بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "گرووپی تیرۆریستیی داعش لە سنووری مەخمووریش دەستی بە جووڵە کردووە، بەڵام وەک ئیدارە زانیاریمان لەبارەی ژمارەی داعشەکانی قەزای مەخموور نییە، تەنیا ئەوە دەزانین لە سنووری ئێمەش لەو ماوەیەدا داعش چالاک بووەتەوە."

 

قادر حەسەن، ئەندامی میحوەری مەخموور_ گوێڕ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئێمە وەک پێشمەرگە بەردەوام چاودێریی جووڵەی چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور دەکەین، چونکە بە ھەزاران چەکداری سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعش لە عێراق ماون و لەو سنوورەی ئێمەش لەبەر ئەوەی زنجیرە چیای قەرەچۆخ شوێنی حەوانەوەی گونجاوی ھەیە، بێگومان چەکداری داعشی تێدا ماون، بەڵام بەو شێوەیەش نییە کە خەڵکێک باسی دەکەن، لەبەر ئەوەی حەفتەی یەک جار لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانانەوە دەکرێنە ئامانج."

 

فەرماندەکەی پێشمەرگە دەڵێت: "داعشەکانی سنووری مەخموور زۆربەیان خەڵکی ناوچەکەن و خەڵکێک کەم و زۆر ھاوکارییان دەکەن، بەڵام ژمارەیان بە دروستی نازانین چەندە، ئەوان بارەگای جێگیریان نییە، زیاتر بە مەفرەزە دەردەچن و لە ناو ئەشکەوتەکان خۆیان حەشار داوە."

 

ڕزگار محەمەد ڕوونی کردەوە: "پێشتریش دوای ئازادکردنی سنووری قەزای مەخموور داعش لە بەشێکی چیای قەرەچۆخ و ناحیەی قەراج ھەر مابوون و لە لایەن ھێزەکانی عێراقەوە ناوچەکە بە تەواوی پاک نەکرابووەوە."

 

قادر حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئێمە لە مەترسیی داعش دەگەین و نایشارینەوە ھێشتا ھێزی زۆری داعش لە سنووری پارێزگای نەینەوا و ناوچەکانی وەک حەویجە بە شێوەیەکی بەرچاو ماون، ھێزی پێشمەرگە بەردەوام لە ئامادەباشیدایە، بە ھۆی زیادبوونی جووڵەی داعشەوە پێشمەرگە لە سەنگەرەکانیدا کەوتووەتە ئامادەباشی و وەڵامی ھەر ھێرشێکی تیرۆریستان دەدەینەوە."

 

لەبارەی مەترسی بۆ سەر مەخموور قایمقامی قەزای مەخموور ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "داعش ھەمیشە مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە، چونکە کە دەڵێم چەکداری داعش دەستی بە جووڵە کردووە، مانای ئەوەیە لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ ئەوەی دەستی خۆیان بوەشێنن، لەبەر ئەوەش، بەڵێ گرووپی تیرۆریستیی داعش ئێستا مەترسیی بۆ سەر مەخموور ھەیە و ناشاردرێتەوە."

 

قائید میرۆ