Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ له‌ نێوان پارتی و لایەنەكاندا هه‌بووە.. پارتی دوو لیژنە پێك دەهێنێت

 

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی رایدەگەیێنێت، بەم زووانە دوو لیژنە بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نوێ پێك دەهێنن. دەشڵێ، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنەكاندا كراوە.

٦ی ئەم مانگە، یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كرا و كاندیدە دەرچووەكان سوێندی یاساییان خوارد و بەپێی یاسا بوونە پەرلەمانتاری خولی نوێ، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رەتی دەكاتەوە لە ئێستادا لیژنە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان سەبارەت بە چۆنیەتیی پێكهێنانی كابینەی نوێ دیاری كرابێت، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە دەبێت سەرەتا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری بكرێت.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی، نایشارێتەوە وەك سەرەتا بە ناڕاستەوخۆ گفتوگۆ دەربارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ كراوە، بەڵام وەك شاند، دانوستانی فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نەكراوە، وەك خۆی ئاماژەی بۆ كرد، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆكان لە پێناو لێكنزیكبوونەوەیانە لەگەڵ لایەنەكاندا، تا وادەیەكی نزیك بۆ ئەو مەبەستە دیاری بكرێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان پاكێجی تایبەتی خۆی بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، عەلی حوسێن ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە بەم زووانە دوو لیژنە بۆ ئەو مەبەستە پێك دەهێنن.

سەبارەت بە دیاریكردنی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، بەرپرسی پەیوەندییەكان گوتیشی، به‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، به‌ فه‌رمی پارتی ناوی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی كابینەی نوێ ئاشكرا ده‌كات.

بە گوتەی حوسێن، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزی براوە، بە مەبەستی دانوستان لەگەڵ لایەنەكاندا، دوو لیژنە پێك دەهێنێت، كە لیژنەی یەكەم ئەركی نزیككردنەوەی لایەنەكانە لە پاكێجی پارتی بۆ پەرلەمان و حكوومەت، لیژنەی دووەم، كە شاندی فەرمییە، لە دوای یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەبێت، ئەویش بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم.

خێڵان بەختیار