Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی پەرلەمان له‌و لایەنە دەبێت كه‌ زۆرترین ئەندامی ھەیه‌.. دوو جێگرەكەش دیار نییە

 

ھەولێر-KDP.info- دانیشتنی حەفتەی دابێی پەرلەمانی كوردستان، ھاوشێوەی دانیشتنەكەی ئەم حەفتەیە بە كراوەیی دەمێنێتەوە، بەتەمەنترین ئەندام كە سەرۆكایەتیی دانیشتنەكان دەكات، دەڵێت كە دوای سازانی سیاسی، دەستەی سەرۆكایەتیی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ھەڵدەبژێردرێت.

٦ی نۆڤەمبەری ئەم حەفتەیە، خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجام دا و ئەندامانی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان سوێندی یاساییان خوارد، كە بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان لە فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرۆكایەتیی دانیشتنی پەرلەمان و سوێندخواردنەكەی كرد.

پێوەست بە بەردەوامیی دانیشتنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان، حەفتەی دابێ سەرۆكایەتیی دانیشتنەكە دەكات.

ڕێڤینگ ھرووری، سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دانیشتنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان دووبارە بە كراوەیی دەمێنێتەوە، تاكوو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ھەڵدەبژێردرێت، كە لە سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی پێك دێن."

ھرووری، گوتیشی : "دوای سازانی لایەنە سیاسییەكان، كاندیدەكان بۆ ھەریەك لەم پۆستانە دیاری دەكرێن و ئەندامان دەنگی خۆیان دەدەن و ھەڵدەبژێردرێن، هەروەها ئەو لایەنە سیاسییەی زۆرترین ئەندامی لە پەرلەمان ھەبێت، سەرۆكی پەرلەمان لەم لایەنە دەبێت، دوو جێگرەكەیش لە ئێستادا دیار نییە."

 

فایزە كۆیی