Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"كورد و عادل عەبدولمەھدی، لەبارەی ماددەی ١٤٠ـەوە كۆ دەبنەوە"

 

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە نوترین لێدوانیدا باس لە چارەكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەكات و، نوێنەرێكی كوردیش لە بەغدا ئاشكرای كرد، كورد بەو مەرجە دەنگی بە كابینەكەی عادل عەبدولمەھدی داوە، كە جێبەجێكردنی دەستوور و ماددەی ١٤٠ بخاتە نێو كارنامەی كابینەكەیەوە.

یەكێك لەو پرسانەی تا ئێستا لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدادا چارە نەكراوە، ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقە، كە دەستەڵاتدارانی عێراق بەردەوام بەڵێنی جێبەجێكردنی دەستوور دەدەن، بەڵام كاتێك دێتە سەر پرسی ماددەی ١٤٠، خۆیان دەدزنەوە. عادل عەبدولمەھدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە دیمانەیەكی رۆژنامەڤانیدا ئاشكرای كرد: "لێكتێگەییشتن بۆ چارەسەرێكی بەئینساف، دڵی ھەموو پێكھاتەكانی عێراق لەبارەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق ڕازی دەكات، بەڵام ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەكرێت، دەبێتە ھۆی كێشە و پێكدادان، ئەمەیش لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەنێكدا نییە، لەبەر ئەوە پێویستە كارێك بكرێت مافی ھیچ لایەك پێشێل نەكرێت و كەسیش ھەست بەوە نەكات غەدری لێ دەكرێت".

كوردەكان بەردەوام جەخت لە جێبەجێكردنی دەستوور بە گشتی و تایبەت ماددەی ١٤٠ دەكەنەوە و پێیان وایە چارەی كێشەكانی ھەرێمی كوردستان و بەغدا، بەندە بەو ماددەیەوە. لەو بارەیەوە، دكتۆر محەممەد شاكر، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "لە رۆژی ٢٥ی مانگی رابردوودا، بەو مەرجە دەنگمان بە كابینەكەی عادل عەبدولمەھدی داوە، كە داواكاریی كوردیش بخرێتە نێو كارنەمەی حكوومەتەكەیەوە، یەكێك لە داواكارییەكانی ئێمە بۆ راستەكردنەوەی كارنامەی حكوومەتی نوێ ئەوەیە، رۆحی دەستوور جێبەجێ بكرێت، بە وردەكارییەوە ئاماژەمان بە ماددەی ١٤٠یش كردووە".

عادل عەبدولمەھدی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، بە كەسێكی نەرم و دۆستی كورد ناسراوە و بڕیارە لەگەڵ دۆستەكانی واتە كورد، ئەو بابەتە یەكلا بكاتەوە. دكتۆر محەممەد دەڵێت: "لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراقیش كۆ دەبینەوە بۆ دانوستان و ئەوەی تا ئێستایش دەیبینین ھەڵوێستیان باش و ئەرێنییە بەرانبەر بە جێبەجێكردنی دەستوور و ماددەی ١٤٠، كە سەرۆكوەزیران دەڵێت دەستوور جێبەجێ بكرێت، واتە ماددەی ١٤٠یش جێبەجێ بكرێت، بەڵام دەمانەوێ زیاتر ورد بینەوە و دڵنیا بین لەو نیەتە بۆ كۆتاییھێنان بە پرسە ھەڵوسراوەكان".

 

قائید میرۆ