Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڤیان سەبری: فراکسیۆنە کوردەکان لەسەر دوو خاڵ کۆک بوون

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ فراکسیۆنە کوردەکان لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەربارەی پشکی کورد لە بوودجەدا کۆ بوونەوە و تێیدا لەسەر دوو خاڵ کۆک بوون؛ بە ھاوبەشی داکۆکی لە مافەکانی کورد لە بوودجەدا بکەن و، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان شاند ڕەوانەی بەغدا بکات.

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ وەکو فراکسیۆنە کوردەکان لەگەڵ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەربارەی پڕۆژەیاسای بوودجە کۆ بووینەوە، بە مەبەستی یەکخستنی بۆچوونی فراکسیۆنە کوردەکان لەسەر پشکی ھەرێم و داکۆکیکردن لە مافەکانی ھەرێم و ھەمووان لەسەر دوو خاڵ کۆک بوون، ئەوانیش حکوومەتی ھەرێم لەسەر ئاستی باڵا لیژنە دروست بکات و سەردانی بەغدا بکەن و ئێمەش وەکو فراکسیۆنەکان لەناو لیژنەی ھاوبەش کە لیژنەیەک لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن دروستکراوە و ئەندامی خۆمان ڕەوانە دەکەین لەو لیژنەیەدا بەشداری بکەن و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ھەرچیی داواکاری و تێبینمان ھەیە دەربارەی مافی ھەرێم، چونکە زۆر داواکاریمان ھەیە، وەکو زیادبوونی بوودجەی سیادی و پشکی ھەرێم و چەندین داواکاریی دیکە، بۆیە گرنگ ئەوەیە بە ھاوبەشی کار دەکەین بۆ پاراستنی مافی گەلی کورد بە شێوەی گفتوگۆ و یەکدەنگ دەبین لەسەر مافەکان."

د.ڤیان سەبری گوتیشی: "ھەوڵەکانی ئێمە بۆ پاراستنی مافی کورد لە بوودجەدا بەردەوام دەبێت و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ئەنجامی ھەوڵەکانمان دیار دەبێت."

سەبری باسی لەوەش کرد: "پێویستە شاندی ھەرێمی کوردستان بەردەوام سەردانی بەغدا بکەن بۆ ھەموو بوارەکان گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەن، چونکە بەرنامەی حکوومەت بۆ ١٠٠ ڕۆژ دانراوە، بۆیە پێویستە لیژنە بەردەوام سەردانی بەغدا بکەن و شاندێکیش لەبارەی مووچەی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی سەردانی بەغدای کردووە، بۆیە بۆ ھەموو پرسەکان پێویستە شاندی حکوومەت سەردانی بەغدا بکەن."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەش کرد: "ئێمە بە ھێزەوە بەشداری لیژنەکەی نێوان پەرلەمان و حکوومەت و لیژنەی دارایی دەکەین، بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد بکەین و بتوانین لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا جێگیریان بکەین."

بڵند ئیبراھیم