Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. مەحموود: دەبێت عادل عەبدولمەهدی ئالییەتێك بدۆزێتەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان

 

هەولێر-KDP.info- نووسینی كوردی لەسەر لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، كە ئێستا عادل عەبدولمەهدی بە وەكالەت بەڕێوەی دەبات، سیاسەتمەدارێكی كورد، وێڕای بە دەستووری ناوبردنی، بە نیازپاكییشی دەبینێت. دەشڵێ، سەرۆكی كابینەی نوێ باش دەزانێت مافەكانی كورد نەدات، كابینەكەی و عێراقیش سەقامگیر نابێت.

ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ زمانی كوردی بۆ نووسینی سەر لۆگۆكەی زیاد كرد، كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، بە وەكالەت سەرپەرشتی دەكات، بە پێی دەستووری وڵاتیش زمانی كوردی لە پاڵ زمانی عەرەبیدا، زمانی فەرمیی وڵاتن.

دكتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری كورد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر ئەو هەنگاوەی وەزارەتی ناوخۆ، وێڕای ئەوەی بە كارێكی دەستووری ناوی دەبات، پێشی وایە بەشێكە لە نیازپاكی، كە ئەوانی پێشتر ئەو كارەیان نەكردووە، نایشارێتەوە، كە جارێ زووە تا ئەو نیازەیش بە دروستی ببینین، تا چەند مانگێك لە حكومڕانیی عادل عەبدولمەهدی تێنەپەڕێت.

دكتۆر مەحموود، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ناتوانن بڵێن سەرۆكی كابینەی نوێی عێراق جیاوازتر دەبێت لە سەرۆكی كابینەكانی پێشووتر بەرامبەر پرس و مافە دەستوورییەكانی كورد، وەك خۆی گوتی: "دەكرێت لە ماوەی شەش مانگی حكومڕانیی كابینەكەیدا، نیازی راستەقینەی لە هەڵسوكەوت و بڕیارەكانیدا بزانین".

لە دوای ٢٠٠٣ و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومةتى عێراق، هەروەها پێشتریش ئەنجوومەنی حوكم، كێشەكانی نێوان ناوەند و هەرێم بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لە كاتێكدا لە دەستووردا مافەكانی كورد و هەرێمی كوردستان بە روونی دیاری كراون، بەڵام سێ خولی پێشووی كابینە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، هیچ هەنگاوێكیان بۆ جێبەجێكردنی مافەكانی كورد لە چوارچێوەی دەستووردا نەنا، سیاسەتمەدارەكەی كورد، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكی كابینەی چوارەمی حكوومەتی عێراق، ئاگاداری هەموو كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەندە، بەو پێیەی وەزیری نەوت و وەزیری دارایی و جێگری سەرۆككۆمار بووە، ئیدی تا چەند هەنگاو دەنێت، یان نا، خۆی دەزانێت.

ئەوسیاسەتمەدارە، نایشارێتەوە كە وێڕای ئەوەی بڕیاری خودی عادل عەبدولمەهدی كاریگەری هەیە، بەڵام لەمپەریش لە بەردەمیدا هەن، نموونەیشی بەوە هێنایەوە، كە دەبێت ناوبراو بۆ بڕیارەكانی حساب بۆ سەدر و مالیكی و عامری و كوتلەكانی دیكەی عێراق بكات، "ئومێدەوارم لە سەرۆكی كابینەكانی دیكە جیاوازتر و باشتر بێت".

بۆ سەركەوتنی ئەم كابینەیە، بۆچوونی وایە، سەرۆكی حكوومەتی نوێ دەبێت بزانێت، گەر لەگەڵ كورد نەگاتە تێگەییشتن و بەشێك لە مافەكانی كورد و هەرێمی كوردستان وەك بودجە و پێشمەرگە و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەكات، ئەوا كابینەكەی سەركەوتوو نابێت، گوتیشی: "دەبێت ئالییەتێك بدۆزێتەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، كە جیاوازتر بێت لەوانەی پێشوو، چونكە كێشەی كورد چارە نەكات، نە كابینەكەی سەقامگیر دەبێت، نە عێراقیش سەقامگیر دەبێت، هەروەها زیانیشی بۆی هەیە، بۆیە ئومێدەوارم ناوبراو بتوانێت كارێكی جیاوازتر بكات و وەك مالیكی و عەبادی نەبێت".

 

خێڵان بەختیار