Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رێڤینگ هرووری: لە دانیشتنی ئەمڕۆدا كاندیدە دەرچووەكان سوێندی یاسایی دەخۆن

 

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین كاندیدی دەرچوو، پەرلەمانی كوردستان یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجام دەدات و تێیدا كاندیدە دەرچووەكان سوێندی یاسایی دەخۆن.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەعات ١٢ی نیوەڕۆ یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دەدرێت و، كارنامەی دانیشتنەكە تەنیا كردنەوەی خولی پەرلەمانە و بەخێرھاتنی پەرلەمانتاران دەكرێت و دواتر سەرجەم پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن، دانیشتنی یەكەمیش بە كراوەیی دەھێڵدرێتەوە.

دانیشتنەكە بە سەرۆكایەتیی رێڤینگ محەممەد كە بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووە، بەڕێوە دەچێت. ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بەپێی مەرسوومی ئەنجوومەنی دادوەری، سەعات ١٢ كۆبوونەوەی پەرلەمان دەست پێدەكات و كاندیدە دەرچووەكان سوێندی یاسایی دەخۆن.

دەقی سوێندخواردنەكەیش بەم شێوەیە دەبێت: "بە خودای گەورە سوێند دەخۆم، كە پارێزگاری لە یەكێتیی گەل و خاكی كوردستان - عێراق و بەرژەوەندییە باڵاكانی بكەم".

سەبارەت بە بەشداریكردنی كۆی پەرلەمانتاران، گوتی: "كاندیدە دەرچووەكانی لیستی پارتی بەشداریی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەكەن، بەپێی زانیارییەكان، كاندیدە دەرچووەكانی دیكەیش بەشدار دەبن".

رێڤینگ محەممەد ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵنابژێردرێت و ھیچ پڕۆژەیاسا و بڕیارێك لە یەكەم كۆبوونەوەیەدا خوێندنەوە و گفتوگۆی لەسەر ناكرێت.

 

ھەڵكەوت محەممەد