Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانێكی نوێ

ئاریان فەرەج

لەمڕۆوە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەپێی مەرسومی هەرێمیی ئەنجوومەنی داوەریی كوردستان كە ئەو دەسەڵاتەی سەرۆكایەتیی هەرێمی پێسپێردراوە، دەستپێدەكات. پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن و یەكەمین ئەركیشیان راسپاردنی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ.
خولی رابردووی پەرلەمان لە خولە پڕكێشە و بێشە و گرفتەكان بوو، ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان حزبەكان و گرژییەكانی كایەی سیاسیی زۆر بە خەستی لە نێو پەرلەماندا رەنگیدایەوە و جوهد و كاتی زۆری پەرلەمانی بەهەدەر برد. ئەو دەمەی هەوڵ درا پەرلەمان لە دامەزراوەی یاساسازی و چاودێری ئەدائی دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە بكرێتە مەیدانی قۆڵبادان و تەسفییەی حساباتی ئەحزاب، بكرێتە شوێنی فەرزی ئەجیندای سیاسیی لایەنگەلێك بەسەر ئەوانی دیكەدا و بكرێتە كەرەستەی ئاوتكردن و پەراوێزخستنی لایەنگەلێك بە ناوی زۆرینە و گەلەكۆمەكییەوە، بۆ ماوەیەك پەرلەمان لەكاركەوت و ئەركەكانی پەككەوتن، بەو هۆیەشەوە سەرباری ئەو كارانەی كران و ئەو یاسایانەی دەرچوێندران، بەڵام كارگەلێكی زۆریش بە نیوەچڵی مانەوە و بەجێمان.
بۆ ئەم خولە هەم تەرازووی هێز و كورسیی لایەنەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و هەم هاوكێشە سیاسییەكانیش گۆڕاون و پێشبینییەكانیش لەگەڵ ئەوەن كە مەزاج و مەیلی توندئاژۆ و فەوزەویانەی خولی رابردوو لەم خولەدا كەم بێتەوە. هەڵبەت تەجروبەی تاڵی رابردووش دەبێ دەرسی لێوەرگیرابێ و چتر پەرلەمان بە لارێدا نەبرێ و لە ئەركی خۆی دوورنەخرێتەوە و بۆ مەرامی دیكە بەكار نەیەت.
دەنگدەرانی كوردستان لە پەرلەمانی نوێ دەخوازن، بە ئەركە سەرەكی و راستەقینە و سوودبەخشەكەی خۆیەوە سەرقاڵ بێت، یاسا پێویست و دواخراو و دانەڕێژراوەكان داڕێژێ، هەموو كایەكانی وڵات بە یاسای نوێ یان هەمواركراو و گونجاو لەگەڵ پێشهات و گۆڕانكارییەكان رێك بخات. چاودێرێكی جددی و كاریگەر بێت بەسەر ئەدائی حكومەت و دامەزراوەكانیەوە و پەرۆشی جێبەجێكردنی یاساكان بێت، فراكسیۆنەكانی موالی و موعارەزە هەر كەس كاری خۆی بزانێ و لەچوارچێوەی یاسادا و بە میكانیزمێكی شایستە و سەردەمیانە و گونجاو لەگەڵ پێگە و هەیبەتی پەرلەمان مومارەسەی بكەن.
خەڵك لە پەرلەمانتاران دەخوازن زۆرترین كار و كەمترین دەركەوتن، باشترین رۆڵ و كەمترین خۆدەرخستن، ئەدائی ئارام و سەنگین دوور لە شۆ و موزایەدە و هەڵاو زەنای سەرشاشەكان، بەرزراگرتنی بەرژەوەندی ووڵات و پەرۆشی بۆ جێبەجێبوونی بەرنامەو بەڵێنەكانی سەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردن بكەنە ئەجیندا و پێودانگی كاركردنیان. فەوزەویەت و پۆپۆلیزم و نەهجی لەوجۆرە جارێكی دیكە نەبێتەوە رێگر و دەستوپێگیری پەرلەمان و لە ئەركە راستەقینەكانی دوابخات.
پەرلەمانی بەهات و هاوار و فەوزا هەمیشە نیشانەی پێگەیشتوویی دیموكراتی نییە، وەك چۆن پەرلەمانێكی ئارام و كەمتر بەكێشە وبێشە نیشانەی نازیندوویی و ناكارایی پەرلەمان و پەرلەمانتاران نییە.