Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کوردستانێکی بەھێز، واتە حکوومەتێکی بەھێز!!

د.سالار عوسمان
دەستپێک، بەرلەوەی باس لە ھەردوو چەمکی حکومەتی بەھێز و کوردستانی بەھێز و پێوەندییەکانی نێوانیان بکەین، پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکەین، کە نادیدەگرتنی ئەوانیتر، بە تایبەت بۆ ھەرێمی کوردستان و سروشتە سیاسی و حوکمڕانییەکەی خراپە و ھەمدیس خاترخاترێنە و پۆست بەخشینەوەیش دوور لە ئیستیحقاقاتی ھەڵبژاردن خراپیەکیترە!.
کەواتە ئێستا ئێمە قسە لە دوو خراپ دەکەین: (نادیدەگرتن و خاترێنە)، کە لە قۆناغەکانی پێشوو ھەردوو خراپمان، لێرە یا لەوێ، لەم گۆشە یا لەویتر ئەزموون کرد و لێککەوتە خراپەکانشیانمان بینی، بۆیە پێویستە لە پێکھێنانی ئەمجارەی کابینەی حکومەتی ھەرێمدا، تەجاوزی ئەم دوو خراپەیە بکەین و بە کورتی ڕێز لە دەنگدەر: ھاوڵاتی بگرین و لە تەنیشتیشیدا لە سروشتی سیاسییانەی ھەرێمی کوردستان حاڵیتر بین، حاڵیتر بین بەو تێگەیشتنەی، ڕاستە پارتی و یەکێتی دوو حزبی بەھێزن و تا ئێستا ئیدارەی کوردستانیان کردووە و ھەر دەشبێ ئەوان زۆرترین شان بدەنە بەر ئەرکەکان و لە نێو ئەرکەکانیشدا بەڕێوەبردنی حکومەت، لێ خەڵک ژیانی دەوێت، بەواتایەکیتر خەڵک لە ڕوانگەی ژیانەوە سەیری سیاسەت و حوکمڕانی دەکات و، ئەوە نوخبەی سیاسییە لەتەک ژیان بە ئەرکە مەزنەکانیتریش ڕادەگات، قسەی پوخت ئەوەیە: خەڵک ژیانێکی شایستەی دەوێت، خەڵک سەقامگیریی و بژێوی و ئارامی و تەبایی دەوێت و نوخبەیش بە تێگەیشتن لەو مەتڵەبە کۆمەڵایەتی و ژیانییەی کۆمەڵگا، کوردستانێکی بەھێزی دەوێت، ئەمەیش، واتە ھەم ژیانی شایستە و ھەم کوردستانی بەھێز، بە حکومەتێکی یەکدەست و یەکڕوئیا و یەکبڕیار دەکرێت.
نەریتێکی دیموکراسییە و حزبەکان، بەشێکیان بەشدار دەبن لە حکومەت، کە دیارە لە ھەرێمی کوردستانیش ھەر وا بووە و ھەر وایش دەوم دەکات، بەڵام دەبێ ئەمجارە، حزبەکان بە تێگەیشتنێکی جیاوازەوە بەشدار بن و ڕوونتر بڵێم: نابێ بۆ ئەوە بەشدار بن تا حکومەت بنکۆڵ بکەن، میدیای حزبەکانیان بەگەڕ بێخن بۆ بڵاوکردنەوەی ژەھری دژایەتی حکومەت و، بە کورتی نابێ بەشداریکردنی حزبەکان لە حکومەت لەسەر حیسابی لاوازکردنی حکومەت بێت، ھەمدیس نابێ بەشداری حزبەکان لە حکومەت یەکدەستیی و یەکبڕیاریی حکومەت بخاتە مەترسییەوە، ئیتر قۆناغێکی نوێیە و دەبێ، دوای ئەو ھەموو ململانێیە ھیچلێشیننەبووە، حزبەکان لەو ڕاستییە گەیشتبن، کە کوردستانێکی بەھێز، واتە حکومەتێکی بەھێز، حکومەتی بەھێزیش تێگەیشتن و بنەما و میکانیزمی خۆی ھەیە و دەبێ حزبەکان، گەر پەرۆشی کوردستانێکی بەھێزن، ھاریکار بن لە دروستکردن و پێکھێنانی کابینەی نوێ و کابینەی نوێش بە ھەمان گیان و تێگەیشتن ھاریکار بن لە پێشکەشکردنی باشترین نموونەی حوکمڕانی، تا دواجار ھەموومان دەبین بە خاوەن حکومەتێکی بەھێز!..
بە دڵنیاییەوە حکومەتی بەھێز دەتوانێ کوردستانێکی بەھێز بنیات بنێت و ئەنجام لە نێو ئەو ھاوکێشەیەدا ژیان و گوزەرانی خەڵکیش باشتر دەبێت و تێگەیشتنەکانی نێوخۆ و دەرەوەیش ئەرێنیتر دەبن سەبارەت ھەرێمی کوردستان و نێوبانگە سیاسییەکەی!..
ئەم قۆناغە گرنگە، ھەموو، نێوخۆ و دەرەوە لە چاوەڕوانی کوردستانێکی بەھێزن و ڕێگە و ئەدرەسی ئەم کوردستانە بەھێزەیش حکومەتێکی بەھێزە، پرسیار ئەوەیە: حزبەکان چی دەکەن و بە کام تێگەیشتن بەرخورد لەگەڵ گرنگیی قۆناغەکە دەکەن؟. ئایا حکومەت بۆ خۆیان و بەرژەوەندییە حزبییەکانیان بەکاردەھێنن، یان بۆ کوردستانێکی بەھێز و ژیانێکی شایەستە بۆ خەڵک؟!. وەڵامی ئەم پرسیارە ڕەھەندیی نیشتیمانی و ئەخلاقی و ویژدانی لێدەبێتەوە و با ھەموومان چاوەڕێ بکەین و بزانین کام حزب شان دەداتە بەر بەرپرسیەتییە مەزنەکان و کام حزبیش، نا مەسئولانە لەسەر کورسی پۆستەکانی حکومەت دادەنیشێت و لە ھەمانکاتدا خەریکی بنکۆڵکردنی کورسییەکەیە!!..
دوما پەیڤ ئەوەیە: ئەنجامی دوا ھەڵبژادرنەکان زۆر ڕاستیی دەرخست، لە سەرووی ھەموو ئەو ڕاستییانەیش، ئەو ڕاستییە بوو، کە خەڵک دەنگ بە حزبێک دەدات، کوردستان دروست بکات نەک بیڕوخێنێت!..