Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی: هیواخوازین حكوومەتى نوێى عێراق ڕەچاوى پابەندبوون بە دەستوور بکات

هەولێر-KDP.info- فازڵ میرانى، سكرتێرى مەكتەبى سیاسیى پارتی پێشوازیى لە شاندى پارتى (للعراق متحدون) كرد و لە دیدارەکەدا میرانی ڕایگەیاند، هیواخوازین حكوومەتى نوێى عێراق ڕەچاوى پابەندبوون بە دەستور بکات كە گەلانى عێراق دەنگیان بۆ داوە و بكرێتە بنەما بۆ چارەسەرى كێشەكان و هەموو لایەك پابەند بن بە جێبەجێكردنى وەكو یەك پاكێچ.


ئەمڕۆ لە بارەگاى مەكتەبى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان، فازڵ میرانى، سكرتێرى مەكتەبى سیاسى پێشوازیى لە شاندى  پارتى (للعراق متحدون) كرد.

لە دانیشتنێكدا كە عەلى حوسێن، بەرپرسى پەیوەندییە نیشتمانییەکان ئامادەى بوو، فازڵ میرانى وێڕاى بەخێرهێنانى شاندى میوان تیشكى خستەسەر ڕەوشى ئەمڕۆى عێراق و هەرێمى كوردستان و ناوچەكە و پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورى و سەربازى و گۆڕانكارى و هاوكێشە تازەكان و ئایندەى پرۆسەى سیاسیى عێراق گفتوگۆى لەسەر كرا.

میرانى تەئكیدى كرد کە عێراقى نوێ لەسەر پڕەنسیپەكانى تەوافق و تەوازون و بەشدارى لە حوكمڕانیدا بنیات نراوە، بەڵام لە ڕابردوودا هیچ مانایەكیان بۆ ئەم پڕەنسیپە نەهێشتووەتەوە و هیواخوازین حكوومەتى نوێى عێراق ڕەچاوى پابەندبوون بە دەستور بکات كە گەلانى عێراق دەنگیان بۆ داوە و بكرێتە بنەما بۆ چارەسەرى كێشەكان و هەموو لایەك پابەند بن بە جێبەجێكردنى وەكو یەك پاكێچ.

دیسان میرانى تەئكیدى كرد، كارنامەى حكوومەتى نوێ و دانانى ئالیەتێكى ڕوون زۆر گرنگە بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەكانى هەرێمى كوردستان لە ئەولەویاتى كارى حكوومەت بێت و ئەمە گرنگترە لە هەر پلە و پۆستێك.

شاندى (للعراق متحدون)یش سوپاسى سكرتێرى مەكتەبى سیاسییان كرد بۆ ئەو پێشوازییە و ڕۆڵى كاریگەرى سەرۆك مەسعوود بارزانى و سەنگى پارتى دیموكراتى كوردستانیان بەرز نرخاند لە پرۆسەى سیاسیی عێراقدا و هاوڕا بوون لەگەڵ دید و بۆچوونەكانى سكرتێرى مەكتەبى سیاسی كە دەبێ دەستوور بكرێتە بنەما بۆ چارەسەرى كێشەكان و بەشداریى ڕاستەقینەى هەموو لایەك لە بڕیارداندا ڕەچاو بكرێت بۆ ئەوەی ئارامى و ئۆقرەییى سیاسی و خۆشگوزەرانیى خەڵكى عێراق بێتەدى.