Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رێڤینگ محەممەد بۆ KDP: سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتنی خولی نوێی په‌رله‌مان ده‌كه‌م

 

ھەولێر-KDP.info- كەمێك لەمەوبەر، ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی كوردستان، رۆژی سێشەممە ٦-١١-٢٠١٨ی وەك وادەی یەكەم كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و، ھەروەھا بانگهێشتی بەربژێرە دەرچووەكانی پەرلەمانی بۆ یەكەم كۆبوونەوە كرد.

بەپێی مەرسوومێكی ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی كوردستان، كە واژۆی سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری لەسەرە، داوا دەكات كە رۆژی ٦ی ئەم مانگە كە دەكاتە سێشەممە، پەرلەمانی نوێ كۆ ببێتەوە.

ھەر لە مەرسوومەكەدا، كە كۆپییەكی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، ھاتووە: "بانگھێشتی كاندیدە دەرچووەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەین بۆ ئەنجامدانی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان لە رۆژی ٦ی ئەم مانگەدا لە سەعات ١٢ی نیوەڕۆ".

پێوەست بە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، كە بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆكایەتی دەكات، رێڤینگ محەممەد، بەتەمەنترین پەرلەمانتاری خولی نوێی پەرلەمانی كوردستانە و لە فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دوای سوێندخواردنی یاسایی، ناوبراو سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتن دەكات.

رێڤینگ محەممەد، لە ساڵی ١٩٥١ لە شارۆچكەی ئامێدیی سەر بە پارێزگای دھۆك لە دایك بووە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئاداب ھەیە، ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ‌بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەخێرھاتنی گشت ئەندام پەرلەمانەكان دەكات و ئایەتێكی قورئان دەخوێندرێتەوە، دواتر خولەكێك رێزگرتن لە خوێنی شەھیدان دێتە ئەنجامدان، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆیش، بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتن دەكات، دوابەدوای ئەمە ھەڤاڵانی نوێ سوێندی یاسایی دەخۆن، هەروەها ئەگەر ھیچ لایەنێكی سیاسی پێك نەھاتبوون لە دانانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، كۆبوونەوەی یەكەم بە كراوەیی دەمێنێتەوە و، لە كۆبوونەوەی دووەمدا سەرۆكی پەرلەمان و ھەردوو جێگری یەكەم و دووەم  دیاری دەكرێن، بەڵام تاوەكو ئێستا لایەنەكان رێك نەكەوتوون لەسەر دانانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان.

گوتیشی، ھیچ پڕۆژە و یاسایەك لە یەكەم كۆبوونەوەدا جێبەجێ ناكرێت.

دوای راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان بە بردنەوەی ٤٥ كورسیی پەرلەمانی، سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست ھێناوە و گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی بۆ پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی ھەرێمی كوردستانی مسۆگەر كردووە.

 

هەڵكەوت محەممەد