Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فرسەت سۆفی: پڕۆژەیەك بۆ بچووككردنەوەی ھەیكەلی حكوومەت ئامادە كراوە

 

ھەولێر-KDP.info- فرسەت سۆفی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، پڕۆژەیەك ھەیە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەمەیش وا دەكات ئەركی حكوومەت لە رووی داراییەوە باشتر بێت.

لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا، پڕۆژە یاسایه‌ك ھەبوو بۆ بچووكردنەوەی ھەیكەلییەتی حكوومەت، ئەمەیش بۆ بچووكردنەوەی ئەو بارە قورسەی سەرشانی حكوومەتە لە زۆری ژمارەی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەكان و بنكە و دامەزراوەكاندا، كە بەشێكیان كاریان ھاوشێوەیە و بەشێكیان زیادن، بەپێی زانیارییەكان، ئەم پڕۆژەیەیش یەكێك لە چاكسازییە گرینگەكانی ئەو خولە نوێیەی پەرلەمانی كوردستان دەبێت، كە دەبێتە هۆی لابردنی ئەركێكی زۆری دارایی لەسەر شانی حكوومەت.

فرسەت سۆفی، پێوه‌ست ‌بە چۆنیەتیی كەمكردنەوەی وەزارەتەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پڕۆژەیەك ئامادە كراوە لە كابینەی نوێدا بنێردرێتە پەرلەمان، یەكێك لە چاكسازییەكانیش بریتی دەبێت لەوەی كە ئەو حكوومەتە بەو قەبارە گەورەیە نەمێنێت و بچووك بكرێتەوە، ئەو پڕۆژەیە دەبێ لەلایەن حكوومەتەوە وەكوو یاسا رادەستی پەرلەمان بكرێت و پەرلەمانیش وەكوو پڕۆژەیەك پەسندی بكات، چونكە بە بێ پەرلەمان ناكرێت و پێویستی بە ھەمواركردنەوەی یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانە یان پێویستی بە یاسایەكی نوێیە".

فرسەت سۆفی، پێوه‌ست بە ئیجابیاتی كه‌مكردنەوەی وەزارەتەكانیش، گوتی: "لە ئەگەری بچووكردنەوەی وەزارەتەكاندا، ئیشوكاری حكوومەت باشتر بەڕێوە دەچێت، لە رووی تێچوونی داراییشەوە خەرجییەكان كەمتر دەبنەوە، ھەروەھا ژمارە بینای بەكرێ و پلە و پۆست، مەسرەفی سەیارە و بەنزین زۆر كەمتر دەبێتەوە، ئەمەیش وا دەكات ئەركی حكوومەت لە رووی داراییەوە باشتر بێت".

سۆفی هەروەها ئاماژەیشی دا، ئەگەر ھەیكەلییەتی حكوومەت بچووك كرایەوە، ئەوا ھیچ بۆشاییەكی یاسایی دروست نابێت لە كەمكردنەوەی وەزارەتەكاندا.

 

ھەڵكەوت محەممەد