Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. چنار سەعد: پارتی سەركەوت و بەهێز بوو، كوردستانیش بەهێزتر دەبێت

 

هەولێر-KDP.info- د. چنار سەعد عەبدوڵڵا دەڵێ، پارتی بەهێز بوو كوردستانیش بەهێزتر دەبێت، لە ئایندەدا ئەركی پارتی قورستر دەبێت، بڕیارەكانی پارتی بەسەنگتر دەبن لە ناوخۆ و جیهان، بڕیاری كۆتایی لەسەر پرسە گرنگەكان و ئیدارەی وڵات زیاتر دەكەوێتە دەستی پارتی.

 

لە30ی مانگی ڕابردوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو، لە ئەنجامی كۆتاییی هەڵبژاردنەكەدا پارتی دیموكراتی كوردستان (686070) دەنگی بەدەست هێنا كە دەکاتە (45) كورسی. بەراورد بە خولی پێشووی پەرلەمانیش پارتی (7) كورسیی زیاد كردووە. پێوەست بە هۆكارەكانی سەركەوتنی پارتی  د. چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا كە لە (38) كورسییەوە دەنگی زیادی كردووە بۆ (45) كورسی سەركەوتنێكی گەورەیە. ئەم سەركەوتنەش بۆچەند هۆكارێك دەگەرێتەوە. لەوانە:

یەكەم: خەڵكی كوردستان متمانەی بەولایەنە بەخشی كە خەباتی كردووە بۆ دەستەبەركردن و بەدەستهێنان و پاراستنی مافەكانی ئەم گەلە، چونكە ئیدی بۆ خەڵكی ڕوون بووەوە كە پارتی هەڵگر و پارێزەری پەیامی كوردایەتییە. ئێمە ناتوانین ئەم سەركەوتنەی پارتی لە خانەیەكی تەسكی حزبایەتیدا قەتیس بكەین، بەڵكو دەڵێین بەرەی سەربەخۆخوازان سەركەوتن. خۆ بە هەمان شێوە لە هەڵبژاردنەكانی ئیسپانیاش ئەو پارتانەی پشتگیریی سەربەخۆییی كەتەلۆنیایان دەكرد دەنگەكانیان زۆر زیادی كرد سەرەڕای هەڕەشە و پاڵەپەستۆكانی حكوومەتی ئیسپانیا. خەڵكی كوردستانیش بە هەمان شێوە پێشانیان دا كە لەگەڵ سەربەخۆیین و بۆیەش دەنگیان بە پارتی دا.

دووەم: خەڵكی كوردستان بۆی دەركەوت پارتی حزبێكی جێگیر و تۆكمە و ڕێكخراوە، لەوشوێنەی پارتی باڵادەست بووە بە بەراورد بە ناوچەكانی تری هەرێم ئارامی و ئاسایش و خزمەتكردن زیاتر بووە. خەڵكیش دەنگیان پێی داوە تا ئارامی و ئاسوودەیی و خزمەتی زیاتر لە پارتییەوە ببینن لە سەرتاسەری هەرێم.

سێیەم: ئەو حزبانەی كە پێشتر ڕكابەری پارتی بوونە، دەبینین دەنگەكانیان بە هەڵبژاردنەکانی پێشتر زۆری لە كەمی داوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو حزبانەی كێشەیەكی زۆری ناوخۆییان هەیە، هەمیشە شپرزە و فرەباڵ دەردەكەون. خەڵكیش دەنگ بە حزبێكی وەها نادات كە ناتوانێ نێوماڵی خۆی ڕێك بخات و حزبێكی یەكگرتوو نەبێت. بەڵكو دەنگ بە حزبێكی تۆكمەی یەكدەنگی وەكو پارتی دەدات."

یەكێك لە دروشمە گەورەكانی پارتی  لەم هەڵبژاردنەدا بریتی بوو لە ''پارتی بەهێز بێت كوردستان بەهێز دەبێت''، پێوەست بە كاركردن بۆ ئەم دروشمە، د. چنار سەعد عەبدوڵڵا گوتی: "بێگومان نەیار و دوژمنان هەر ئاوا تەماشاكەری ئەم سەركەوتنەی پارتی نابن، لە هەرقۆناخێك بێت دەیانەوێت كێشە بۆ پارتی و بەرنامە و هەنگاوەكانی دروست بكەن. بەڵام بەهێزبوونی پارتی، واتە بەهێزبوونی كوردستان، چونكە پارتی پارێزەر و قەڵخانی كوردە. بە درێژایی مێژو نەیارانی كورد هەوڵیان داوە یەك هێزی سیاسیی گەورە لە كوردستان نەبێت، بەڵكو هەمیشە هێزەكانیان بەش بەش كردووە. چونكە هەبوونی یەك هێزی گەورە و یەك سەركردەی بەهێز زۆر پرس و كێشە یەكلایی دەكاتەوە و كورد بە یەكدەنگی دێڵێتەوە. پارتی بەهێز بوو كوردستانیش بەهێزتر دەبێت، ئەركی پارتی قورستر دەبێت لە ئایندەدا، بریارەكانی پارتی بەسەنگتر دەبن لە ناوخۆ و جیهان، بڕیاری كۆتایی لەسەر پرسە گرنگەكان و ئیدارەی وڵات زیاتر دەكەوێتە دەستی پارتی."

د. چنار سەعد جەختیشی كردەوە: "بۆ كوردستانێكی بەهێز دەبوو پارتی سەركەوێت و سەریش كەوت. هەنگاوەكانی تر بریتی دەبێت لە دەركرنی یاسا و كاركردن بۆ بەهێزكردنی كوردستان لە سەرجەم ڕووەكانەوە."

سەرباز واحد