Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داستانی پردێ، سەرکەوتن بوو بە سەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و وانەیەك بوو کە هەرگیز داگیرکەران و خیانەتکاران لە یادیان ناچێت

*دکتۆر کەمال کەرکووکی

پێش یەك ساڵ وەکو ئیمڕۆ کات ژمێری (١١،٣) یازدەو و سێ خولەكی پێش نیوەرۆ ، بۆ یەکەم جار لە مێژووی تانکی ئێم یەکی ئابرامزی ئەمریکی بەدەستی پێشمەرگە سەربەرزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکوك لە نەبەردی پردێ تێكشکێندرا. 
 
ساڵێك لەمەوبەر لە ٢٠/١٠/٢٠١٧دا،  پێشمەرگە سەربەرزەکانی کوردستان، لە میحوەری رۆژاوای کەرکووک/ جبهەی پردێ/ سەربەرز و مەردانە، هەڵۆئاسا پەلاماری داگیرکەرانیان تێکشکاندو راویان نان و وانەیەکیان پێدان کە هەرگیز لە یادیان ناچێت.
کاتێ کە لە ئاکامی گەلەکۆمەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی، بە پیلانگێڕی و جووڵاندنی هێز و بە چاوساخی و هاوکاری خوێناوی گرووپە" کاڵفام" وبە خەیانەت گۆشکراوە ناسراوەکەی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ، دووز و خانەقین و کەرکووکی دڵی کوردستان رادەستی داگیرکەران کران، زۆر ماڵی هاوڵاتیانی رەسەنی ناوچەکە بەر تاڵان و سووتان کەوتن و زیاتر لە ٢٠٠ هاووڵاتیش شەهید کران ،  لە ئاکامی ئەو رووداوانەدا ، تراژیدیایەکی نەتەوەیی خوڵقاو و تاسان و نیگەرانی و نائۆمێدی باڵی بە سەر گشت کوردستاندا کێشا. لەو کات و ساتە هەستیارانەشدا  میدیاکانی تیمی خیانەتکاری ١٦ – ئوکتۆبەر پڕوپاگەندەی چەواشە کاریان دەکرد و دەیان ووت پێشمەرگە هیچیان پێ ناکرێت و حشد گەیشتنە هەوڵێر.!!!! لەو تەمو و مژە سیاسییەدا چارەنووسی باشووری کوردستان و هەرێم و حکومەتەکەی کەوتنە بەر پرسیاری ناوخۆ وهەرێمی و جیهانی. 
لەوەها دۆخێکی سیاسی و سەربازی و سایکۆلۆژی دا بوو کە بەرەبەیانی رۆژی ٢٠ی ئۆکتوبەر، فەرماندەکانی ئەو هێزە داگیرکەر و پەلاماردەرانە کە بۆنی نەوتی کەرکووک مەست و کەڕ و لاڵ و کوێری کرد بوون، بە ئامانجی داگیرکردنی پایتەختی کوردستان، بەرەو تێپەڕین لە شارۆچکەی " پردێ" فەرمانی جووڵەیان دەرکرد.
ریز بوونی لەشکرێکی هەزاران کەسیی ئیقلیمی، تەیار بە سەدان چەک و ئالیاتی جەنگیی پێشکەوتووی وەک: دەبابەی ئابرامز و هامەر و باجەر و دۆشکە و مودەرعەی ئەمریکی و تۆپی دوورهاوێژ و کاتیۆشا و سارۆخی کۆرنێت لە بەرەی دوژمن و لەبەرانبەریشدا، دامەزرانی بەرپرس و فەرماندە و پێشمەرگەکانی بەر فەرمانی میحوەری رۆژاوای کەرکووک کە بۆ رێگرتن لە پێشڕەویی داگیرکەران بەرەو هەولێر،هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ، پەیمانی بەرپرس و فەرماندەو پێشمەرگەکان سەرکەوتن یان کۆتایی ژیان بوون لەو سەنگەرانەیان بەستبوو ، تابڵۆیەک لە جەنگێکی مێژوویی و چارەنووس سازی نێوان کورد و داگیرکەرانی ، نەخشاند بوو. ئەو رۆژە چاو و دڵ و هەست و هیوای هەموو کوردستان لە سەر پردێ بوو کە پێشمەرگە وەک هێزی رۆژی تەنگانە و رۆژە سەختەکان، گەل و نیشتمان و پایتەختەکەی لە داگیرکەران بپارێزی.
سوپای کوردستان و سوپای داگیرکەران ئاوقای یەکتر بوون و بە توندی بە گژ یەکدا چوون. گرمەی تۆپ و شریقەی گولە و بڵێسەی ئاگر و دووکەڵی بارووت و تۆزی هاون و زڕەی زنجیری دەبابەی دوژمن، ئاسمانی پردێ و ناوچەکەی داگرتبوو. پێشمەرگە وەک چیاکان چەقیبوون و وەک داربەڕووەکان وەها خۆیان داکوتابوو کە سینگیان ببووە قەڵغانی پاراستنی نیشتمان و بەها بەرزەکانی. سەرەنجام بە هەموو ئەو ناهاوسەنگییەی کە لە رووی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییەوە لە نێوان بەرەی وڵاتپارێزانی کورد و دوژمنانی داگیرکەر و خاکفرۆشان لە ئارادا بوو؛ پاش زیاترلە ٨ سەعات شەڕی بێ پسانەوە و بەردەوام و(٢) دوو کات ژمێریش شەڕی پچڕ پچڕ ، دوژمن نەک هەر نەیتوانی بەرەو ئامانجە دیاری کراوەکەی پێشڕەوی بکات، بەڵکوو تێکشکا و هەموو ئەو غروور و لە خۆبایی بوونەی بە هۆی پشتوانی دەرەکی وخیانەتەکەی تاقمەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، کەڵەکەی سەر لەش و رۆحیان ببوو، پووکایەوە. 
بەو حاڵەشەوە گرینگی و جێگای نەبەردی پردێ تەنیا بەو دیمەن و رەهەندانەوە شرۆڤە ناکرێت. هەر جەنگ و نەبەردێک بە ئاکام و کارییگەرییە سیاسی و سەربازییەکانی و دەسکەوت و دۆڕانەکانییەوە هەڵدەسەنگێندرێت. نەبەردی " پردێ"، هاوکێشە ئاراییەکانی نێوان ١٦ تا ٢٠ی ئۆکتوبەری گۆڕی و هەمووئەوانەی دەست و رۆڵیان لەو پیلانگریی و لەشکرکێشیەدا هەبوو و ئەوانەش کە وا چاوەڕێی ئاکامی ئەو هێرشانە و بەلادا کەوتنی تەوازنی هێز بوون، لە ئێوارەی ئەو رۆژەدا بە حیساباتی خۆیاندا چوونەوە.
نەبەردی پردێ، نەبەردی پاراستن و مانەوەی هەولێر و حوکمڕانی کوردستان بوو. راسان لە ڕووی پیلانی دەرەکی و خەیانەت و نیشتمان فرۆشی و نائۆمێدی دا بوو. هەڵمەتی نیشتمانپەروەران و دەرکەوتن و درەوشانەوەی سەربەرزانەی هێز و لایەنی دڵسۆز بە گەل و خاکی کوردستان بوو. هەروەها بە هێز بوونی زیاتری سیاسی و سەربازیی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان بوو. ئەو نەبەردە مێژووییە هەر لە ئاستی شان و شکۆی بەرزی پێشمەرگە دەوەشایەوە و پووچەڵ کردنەوەی پیلانی هاوبەشی داگیرکەران بوو. هەر لەو کاتەشدا مایەپووچ کردنی خاکفرۆشانی بەرەی خەیانەت بوو. 
حەماسەی پڕ لە شانازیی پردێ، لە نەبەردەکانی سحێلا و مەحموودییە و زمار وتلسقۆف و مەخموورو دووپات بوونەوە و ئێستا هەموو بەرەکانی بەرگری لە کوردستان، پردێ وسحێلا و مەحموودییە وتلسقۆف و زومار و مەخموورن.
لە یادی ئەو حەماسە مێژووییەدا کە بە خوێنی پۆلێک لە رۆڵەکانی نیشتمان تۆمار کرا، هەزاران سڵاو پێشکەشی شەهیدانی ئەو نەبەردە دەکەین و سەری رێز لە بەرانبەر شکۆ و گەورەییاندا دادەنەوێنین. سڵاوی ئەمەک و وەفاداریی پێشکەشی ئەو فەرماندە و پێشمەرگانە دەکەین کە ئامادە بوون بمرن بەڵام، شکۆی نەتەوە ونیشتمانەکەیان پارێزراو بێت.
ئێمەش زۆر سەربەرزین  بەوەی کە پلانداڕێژی ئەو بەرگرییە بوین و تێدا سەرکەوتین و ئەو نەبەردە بوو بە بەشێك لە نەبەردە درەوشاوە پڕ شانازییەکانی کوردستان بۆ هەتا هەتا.
 

*سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکوك - گەرمیان
٢٠-١٠-٢٠١٨