Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی: لەگەڵ بڕیاری كۆمسیۆنین و زۆریش نەرمیمان نواندووە

 

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ڕایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان لەم ھەڵبژاردنەدا سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كردووە و رێژەیەكی باش كورسیی بەدەست ھێناوە. دەشڵێ: "ئەگەر دەنگی ئێمەیان نەسووتاندبا، ژمارەی دەنگەكانمان زیاتر دەبوو".

شەوی ڕابردوو، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی ڕاگەیاند و، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەو ھەڵبژاردنەدا سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كردووە و، لە كۆی 100كورسی، 45 كورسیی بەدەست ھێناوە.

پێوەست بەم پرسە،  بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، خەسرۆ گۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە دڵخۆشین بە راگەیاندنی ئەنجامەكان و ھەر ئەوەیش چاوەڕوانكراو بوو كە پارتی سەركەوتنی گەورە بەدەست بێنێت، بەدەست ھێنانی 45 كورسییش لە 100كورسی، سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ پارتی، ئەمەیش بۆ رۆڵی سەرۆك بارزانی و قارەمانیەتیی پێشمەرگەی كوردستان دەگەڕێتەوە، بۆیە سەركەوتنێكی زۆر گەورەیە بۆ پارتی لە دوای 1992ـەوە تائێستا".

گۆران گوتیشی: "ئێمە گلەییمان ھەیە و سكاڵای زۆریشمان تۆمار كردووە، بەڵام نزیكەی 120ھەزار دەنگ سووتێندران كە پشكی شێری ئەو دەنگانە بەر پارتی دەكەوێت، بەوەی كە نزیكەی 50 ھەزار دەنگ دەبێت، چونكە گەورەترین لیسته‌، بۆیە گەر وانەبووایە دەنگی پارتی زۆر لەوە زیاتر دەبوو".

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، هەروەها باسی لەوەش كرد، سێ جۆر سكاڵا ھەبوون، زەرد و سوور و سەوز، ئەو سوورانەی كە مەترسیدارن، ھەموو دەنگەكان سووتاون، جا لە ھەر پارێزگایەك بن، بۆیە ئێمەیش گلەییمان ھەیە، بەڵام ئێمە لەگەڵ بڕیاری كۆمسیۆنین و زۆریش نەرمیمان نواندووە بۆ ئەوەی پڕۆسەكە سەر بگرێت و پڕۆسەی سیاسی بەردەوام بێت بەشێوەیەكی ئاشتیانە و لەكەدار نەبێت، ئەگەر نا چاومان لە دەنگی زیاتر بوو و چاوەڕێی سووتاندنی دەنگی ئەو لایەنانە بووین كە سەرپێچییان كردبوو".

 

بڵند ئیبراھیم