Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زریان كاكەیی: بە ھۆی داگیركاریی ١٦ ئۆكتۆبەرەوە، ھیچ نەما بەرانبەر بە پێكھاتەكان نەكرێت

 

هەولێر-KDP.info- داگیركەرانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، دەستیان لە ھیچ تاوانێك دەرهەق بە پێكھاتەكانی كەركووك و ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان نەپاراستووە و، مامۆستایەكی زانكۆیش باوەڕی وایە، ھێشتا ١٦ی ئۆكتۆبەر كۆتایی نەھاتووە و بەردەوامە. دەشڵێ،  خەڵكێك دەرگای ماڵەكەی بە ڕووی دزدا كردەوە و كارەسات بەسەر گەلی كورددا ھات.

لەو بارەیەوە، زریان كاكەیی، مامۆستای زانكۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، خەنجەرێكی ژەھراوی بوو لە دڵی كوردستان درا كە پارێزگای كەركووك بوو، لە سەد ساڵی رابردوودا كارەساتێكی لەو شێوەیە و خیانەتی لەو چەشنە رووی نەداوە، پێشمەرگەیش شكستی نەھێنا، بەداخەوە ئەوە خیانەت بوو بە ھاوكاریی وڵاتێكی ئیقلیمی ئەنجام درا و خەڵكێك دەرگای ماڵی خۆی بۆ دز كردەوە، پێم وایە ھێشتا ١٦ی ئۆكتۆبەر بەردەوامی ھەیە و تەواو نەبووە".

كاكەیی، لەبارەی قوربانیانی كوردانی كاكەیی لە دوای رووداوەكانی داگیركاریی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، ئاشكرای كرد: "لە ساڵانی رابردووەوە تا ئێستا، ٣١٦ كوردی كاكەیی لە ناوچە جیاوازەكان بوونەتە قوربانی، زۆربەی ناوچە كاكەیینشینەكان دەكەونە دەوروبەری كەركووك و ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان، لەبەر ئەوەش زۆرترین قوربانیی داگیركاری بەر كوردانی كاكەیی كەوتووە، لەوانە كوشتن و رفاندن و دەستدرێژی و ئاوارەبوون، ھەتا ئێستایش بەشێكی ئاوارە كاكەییەكان لە ناوچەكانی دەوروبەری ھەولێر نیشتەجێن و ناتوانن بە ھۆی داگیركاری بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەداخەوە رەوشی كوردانی كاكەیی زۆر خراپە و ھیچ نەماوە بەرانبەریان نەكرێت".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ، هەروەها دەڵێ: "جگە لە كوشتن و بڕین  بەرانبەر بە كوردانی كاكەیی و پێكھاتەكانی دیكە، ھەوڵی سڕینەوەیشیان دراوە، بۆ نموونە ئێمە شوێنی پیرۆزمان ھەیە لە كەركووك بەشیعە كراوە، پیری كاكەیی ھەیە حەشدی شەعبی كڕیویەتی بە پارە، مخابن خەڵكی ئێمەیش دزراوە، سیمبوولەكانی ئێمە شێوێندراون، ئەوەیشی بەرامبەر بە كاكەییەكان كراوە، بەرانبەر بە ھەموو پێكھاتەكانی دیكەیش ئەنجام دراوە".

 

قائید میرۆ