Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کرمانج عوسمان: دەبێ تاوانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەنێودەوڵەتی بکرێت

ھەولێر-KDP.info- شارەزایەکی نێودەوڵەتی دەڵێ، حکوومەتی عێراق خۆی تاوانباری ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرە و بۆخۆی نایەت سزای خۆی بدات. بۆیە دەبێ ئەم کەیسە بەنێودەوڵەتی بکرێت و لە دادگا نێودەوڵەتییەکان یەکلایی بکرێتەوە.

لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی عێراق بە پاڵپشتی و ھەماھەنگیی ھێزەکانی وڵاتانی دراوسێ و بە چاوساغیی گرووپێک لە ناو حزبێکی کورددا ھێرشێکی فراوانی کردە سەر ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە بیانووی ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆم و ھەوڵی سڕینەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان دا. لە کاتیکدا ھێزەکانی عێراق لەگەڵ ھاتنی داعش لەم ناوچانە ڕایان کردبوو.

پێوەست بەم ڕووداوە، کرمانج عوسمان, شارەزای نێودەوڵەتیی جینۆساید بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشێلکارییەکانی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە بەرانبەر بە گەلی کورد و کەرکووکییەکان کراوە. لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق پێشێلکردنی دەستوورە. چونکە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی عێراقی بێلایەن نەبوون. ئەرکی ئەم ھێزانەیە بێلایەن بن و ھەموو عێراقییەک بە یەکچاو سەیر بکەن و بیانپارێزن، بەڵام وا نەبوون و بۆ بەرژەوەندیی ﻻیەنێک شەڕیان کرد دژ بە گەلی کورد بە فەرمانی عەبادی، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو."

ئەو شارەزایەی جینۆساید گوتیشی: "لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لە سێ خاڵدا ھێرشەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر پۆلێن دەکرێن، کە سەرجەمیان بە بەڵگە و دیکۆمێنت پاڵپشتی کراون:

یەکەم : تاوانی جەنگە، چونکە ھێرش کراوەتە سەر خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵ و بێتاوان بەئامانج گیراون و کوژراون.

دووەم: پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، چونکە لەسەر ئازادی و بیروڕا و نەتەوە ھێرش کراوەتە سەر خەڵکی بە گشتی. زۆرترین بەندی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کراوە.

سێیەم: تاوانی جینۆسایدە، چونکە خەڵک جینۆساید کراوە و بەڵگەی زۆرمان ھەن."

کرمانج عوسمان ڕوونیشی کردەوە: "حکوومەتی عێراق خۆی تاوانباری ئەم ڕووداوەیە، ئاخر بۆخۆی نایەت سزای خۆی بدات. بۆیە دەبێ ئەم کەیسە بەنێودەوڵەتی بکرێت و لە دادگا نێودەوڵەتییەکان یەکلایی بکرێتەوە. بۆ ئەم کارەش پێویستە سەرەتا جەخت لەوە بکرێتەوە کە نەتەوەیەکگرتووەکان پشکنەری تایبەت و بێلایەن ڕەوانە بکات و بابەتەکە بەدیکۆمێنت بکات، تا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ پێک بھێندرێت. پاشان لۆبیی لەسەر بکرێت. بۆ ئەوەی کەیسەکە ببرێتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش."

ئاماژەیشی دا: "ئەگەر ئەم تاوانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێندرێت ئەوا:

١. خەڵکی زیانباری ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر قەرەبوو دەکرێنەوە.

٢. ئاوارەکانی ئەو ڕووداوە دەگەڕێندرینەوە جێگاکانی خۆیان.

٣. ئەو تاوانە بە جینۆساید دەناسێندرێت.

٤. حکوومەتی عێراق بە فەرمی تاوانبار دەکرێ لەسەر ئەم کەیسە.

٥. لە مێژوودا جێگیر دەبێت کە حکوومەتی عێراق تاوانێکی ئاوای بەرانبەر بە گەلی کورد کردووە.

٦. قەدەخەی دووبارەکردنەوەی ئەم تاوانە دەکرێت.

٧. مۆزەخانەی تایبەت بەو تاوانە دادەندرێت .

٨. لەسەر ئاستی جیھان دەناسێندرێت کە ئەمە حکوومەتێکە جینۆسایدی گەلی خۆی کردووە."

سەرباز واحد