Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرچاوەیەک لە کۆمسیۆن: ٣١٤ وێستگەی دەنگدان لە سلێمانی بۆ ئۆفیسی نیشتمانی نەگەڕێندراونەتەوە

 

ھەولێر-KDP.info-  سەرچاوەیەک لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم دەڵێت, تا ئێستا ٣١٤ وێستگەی دەنگدان لە ئۆفیسی ھەڵبژاردنەکانی پارێزگای سلێمانی نەگەڕاوەتەوە ئۆفیسی نیشتمانی لە ھەولێر، بۆ ئەم مەبەستە کۆمسیۆن لێژنەیەکی پێنج کەسیی لە نوێنەری ھەر پێنج لایەنەکە پێک ھێناوە. بەو دەنگانە و سندووقە قردێڵە سوورەکانیشەوە ٤ تا ٥ کوردسی زیاد دەکات.

 

٣٠ی ئەیلول پڕۆسەی دەنگدانی ھەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو کە تا ئەم ساتە  سەدا ٨٥ی دەنگەکان جیا کراونەتەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان لەو سەدا ٨٥ـە، ٤٥ کورسیی پەرلەمانی کوردستانی  بەدەست ھێناوە.

 

سەرچاوەیەک لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم کە نەیویست ناوی ببرێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئۆفیسی نیشتمانیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لیژنەیەکی پێنج کەسیی لە نوێنەری ھەر پێنج لایەنەکە پێک ھێناوە بۆ ئەوەی سەردانی ئۆفیسی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی پارێزگای سلێمانی بکەن، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ٣١٤ وێستگەی دەنگدان کە تا ئێستا لە ئۆفیسی سلێمانییەوە نەگەیشتوون بە ئۆفیسی نیشتمانی، یان گشتی. ماوەی دوو ڕۆژە لیژنەکە دەستی بە جیاکردنەوەی دەنگەکانی کردووە و، لە کۆی ٣١٤ وێستگە تا ئێستا ٦٤ وێستگە جیا کراونەتەوە و بڕیارە ئەنجامی سندووقەکان ببردرێنەوە بۆ بەشێک بە ناوی (تالی سەنتەر) لە ئۆفیسی نیشتمانی و لەوێ دەرەنجامی سندووقەکان تیکەڵ بەدەرەنجامی گشتی دەکرێت."

 

ئەو سەرچاوەیەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان گوتیشی: "دەست بە قۆناغی دووەمی کارەکانی سندووقی قردێلەسوورەکان کراوە و بڕیارە دوای ئەوەی کە ئەنجومەنی کۆمسیاران بڕیار لەسەر دەنگی ئەو سندووقە قردێلەسوورانە دەدات دواجار دەنگی قردێلەسورەکانیش تیکەڵی دەنگدانی گشتی دەکرێتەوە و ئەو دەنگانەی کە لە ئۆفیسی پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ماون بە سندووقە قردێلەسورەکانیشەوە نزیکەی ٤ تا  ٥ کورسی لە ژمارەی ئەو کورسییانەی لە کۆی سەدا ٨٥ی دەنگەکان بەر لایەنەکان کەوتوون، زیاد دەکات."

 

فایزە کۆیی