Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەیان بەڵگەنامە لەسەر تاوانەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕادەستی دادگا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەکرێن

  هەولێر -KDP.info- بە ھۆی ھێرشی داگیرکاریی ساڵی ڕابردووی عێراق ھێزەکانی عێراق بە پۆلیس و دژەتیرۆر و میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە کەوتنە ئەنجامدانی چەندین تاوانی قێزەونی دژەمرۆڤایەتی لە دژی پێکھاتەکانی ئەو ناوچانە و پارێزەرێکیش دەڵێ، چەندین بەڵگە و دیکۆمێنت ئامادەیە و ڕادەستی دادگا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی دەکەین.

 

ڕووداوەکانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بووە ھۆی ئاوارەبوونی دەیان ھەزار ھاووڵاتی و کوشتن و ڕفاندنی دەیانی دیکە، بە جورێک تاوانی دژەمرۆڤایەتی بەرامبەر بە ژن و منداڵ کراوە کە بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە. پارێزەر ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی تاوانەکانی  خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە پڕۆسەی داگیرکاریی ساڵی ڕابردووی کەرکووک و خورماتوودا بەپێچەوانەی دەستووری ھەمیشەییی عێراق ھێزی سەربازی و میلیشیا لە دژی ھاووڵاتییانی سڤیل بەکار ھێنراوە و ئەو ھێزانە تاوانی زۆر گەورە و دڕندانەیان دژی خەڵکی سڤیل ئەنجام داوە، کە بە پێی یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە، چونکە بەشێک لە تاوانەکان تەنانەت تاوانی کوشتنی بەکۆمەڵ و بە ئامانجگرتنی ژن و منداڵن و تاوانی جەنگی و دژە مرۆڤایەتین."

 

ئەو پارێزەرەی دۆسیەی تاوانەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئاشکرای کرد: "ماوەی ساڵێکە لەگەڵ شایەتحاڵەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان خەریکی کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و دیکۆمێنتین لەسەر تاوانەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و خۆشبەختانە بە ھۆی ھەوڵی ھەموو لایەک توانیومانە ژمارەیەکی بەرچاوی بەڵگە و دیکۆمێنت کۆ بکەینەوە و ھەمووشیان دڕەندەییی ھێزەکانی حەشدی شەعبی و عێراق دەردەخن کە چ کارەساتێک بەسەر خەڵکی سڤیلدا هێنراوە."

 

پارێزەر ئەیاد کاکەیی دەڵێت: "لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا لیژنەی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان کۆ دەبنەوە و ھەموو ئەو بەڵگانە ڕادەستی دادگا نێوخۆیی و تەنانەت نێودەوڵەتییەکانیش دەکەین، چونکە وەک یاسایی، پێمان وایە ئەمەی کراوە جینۆسایدە و پێویستە تاوانباران سزای خۆیان وەربگرن، لەبەر ئەوەی بەپێچەوانەی یاساوە، لە تاوانی کوشتن و دزی و تاڵان و ڕفاندن و سووتاندنی ماڵی ھاووڵاتییان ھیچ نەماوە کە نەکرابێت."

 

قائید میرۆ