Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. مەحموود عوسمان: دەبێ بکەرانی ١٦ی ئۆکتۆبەر سزا بدرێن

 

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا تێپەڕی کە بە ھۆی خیانەتی ھەندێ بەرپرسی کوردەوە بەشێکی زۆری خاکی کوردستان لەدەست درا و کارەساتی مرۆییشی بەدوادا ھات، سیاسەتمەدارێکی کوردیش نیگەرانە لەوەی تا ئێستا تۆمەتبارانی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر سزا نەدراون و ئاشکرای کرد، ڕەوشی کەرکووک ئاڵۆزە و نابێت عەسکەر دەستەڵاتدار بێت.

 

دکتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد پێی وایە ک پێویستە ئەوانەی بوونەتە ھۆکاری داگیرکاریی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو و کەوتنی کەرکووک سزا بدرێن و دەشڵێ، یان لیژنەیەکی بێلایەن، یانیش دادگایەکی تایبەت ھەبێـت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر.

 

ئەو سیاسەتمەدارە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکرێت و بزانین لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا چی ڕووی داوە و کێن ئەوانەی لەو ڕووداوەدا تێوە گلاون و بڕیاریش بو لێکۆڵینەوە دەربکرێت، ئەمانەی بوونەتە ھۆکاری نانەوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و سزا بدرێن و بڕیار بوو دەریش بکرێن، بەڵام بەداخەوە کە تا ئێستا لێپرسینەوە نەکراوە و دەبوو ساڵێک بەر لە ئێستا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژانی دواتر بکرێت."

 

لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان ھەندێ بەرپرسی کورد و سەرانی حەشدی شەعبی بۆ چۆڵکردنی ناوچە کوردستانییەکان لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا دکتۆر مەحموود عوسمان ڕوونی کردەوە: "منیش ھەر لەگەڵ ئەوەم لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکرێت و بزانن کێ ئەو ڕێککەوتنەی کردووە و بۆچی کردوویەتی و چۆن ئەو ھەموو ناوچەیە چۆڵ کرا."

 

دکتۆر مەحموود عوسمان دەڵێ: "ئێستا ڕەوشی کەرکووک تێک چووە و لایەنێک دەستی بەسەردا گرتووە کە عەرەب و دژەتیرۆری بەغدان، بەڵام دەبێ ڕەوشی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و ئیدارەیەکی مەدەنی بەڕێوەی ببات، نەوەک سەربازی، ئەو ئیدارەیە کورد و عەرەب و تورکمان بەڕێوەی بەرن و نابێ عەسکەر لە کەرکووک دەسەڵاتی ھەبێت، بەڵکو بە گوێرەی دەستوور چارەسەری کێشەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بکرێت.

قائید میرۆ