Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ترسی چالاکیی کوردانی کەرکووک، حەشدی شەعبی ناوچە کوردییەکان دەپشکنێت

 

کەرکووک-KDP.info- لە ترسی مانگرتن و چالاکیی کوردانی کەرکووک ھێزەکانی پۆلیس و حەشدی شەعبی کەوتووتەنە پشکنینی ناوچە کوردییەکانی شاری کەرکووک و بەرپرسێکی کوردیش دەڵێ، خەڵکی کەرکووک بڕیاری دابوو لە دژی داگیرکاری مانگرتن ڕابگەیەنێت، بەڵام شارەکە کراوەتە سەربازگە بۆ ڕێگریکردن لە چالاکیی کورد.

 

دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی ئاشکرای کرد: "ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر پڕۆسەی داگیرکاری و خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا تێپەڕی و لایەنێکی سیاسیی کورد کەرکووکی بەتەواوەتی ڕادەستی بەشی عەرەبی شۆڤێنی کردووە، کە برینێکە لە جەستەی کورد و کەرکووکییەکاندا و ساڕێژبوونی ئەستەمە، بەڵام گەلی ئێمە لە خەبات و بەگژداچوونەوەی ستەم کۆڵ نادات."

 

ئەو بەرپرسەی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بڕیار بوو ئەمڕۆ لە کەرکووک لە دژی داگیرکاری و خیانەتکاران مانگرتن بەڕێوە بچێت، بەڵام ھێزە ئەمنییەکانی شارەکە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستیان داوەتە کێوماڵی ناوچە کوردییەکانی کەرکووک و لە ترسی مانگرتن و چالاکیی کوردان کەوتوونەتە ئامادەباشی بۆ سەرکوتکردنی ھاووڵاتییان، بێگومان ھەردەرفەتێک ھەبێت کورد لە کەرکووک بێدەنگ نابن."

 

دیاری حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھێزەکانی حەشدی شەعبی ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و ناوچە کوردییەکان دەپشکنن، بە شێوەیەک ھەرچی چەک و کەلوپەلی گرانبایی ھەیە ھاوشێوەی سەردەمی بەعس دەستی بەسەردا دەگرن، دوێنێ و ئەمڕۆ شوێنێک نەماوە نەیپشکنن، چەندین ھێزی میلیشیا لە نێو کەرکووک بڵاوەیان پێ کراوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە ھەر چالاکییەکی کورد بکرێت."

جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی ڕوونی کردەوە: "ڕەوشی کەرکووک تا دێت خراپتر دەبێت و لە ڕۆژانی ڕابردووشدا بینیمان ئاڵۆزییەکان گەیشتوونەتە کوێ، ئێمە دڵنیاین تا داگیرکاری مابێت و ئەو دەسەڵاتە کەرکووک بەڕێوە بەڕێت ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەوشی کەرکووک بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت."

قائید میرۆ