Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پایزی پار

جەزای شێخ ڕەزا
پایزی پار لە نێوەڕاستی ئۆکتۆبەردا هەورێکی ڕەشی چڵکن بەرەو هەواری گۆتی و لۆلۆ، هەواری میترا و نەوەکانی ماد، هەواری ئەوانەی لەبەرەبەیانی مێژوووەوە ئاشقی خۆر بوون و نەفرەتیان لە تاریکایی کردووە، هات. ئەو هەورە کە پتر لە دەیان سەدەیە و هەر چەند ساڵێك جارێ ژاراوێکی تاڵ بەسەرماندا دەبارێنێت، جگە لە تێکدانی  سروشت، فرمێسكێکی واش بە ئێمە دەڕێژێت، کە هەر تنۆکێکی بەهای هەموو دیاری و ئایدیا تاریکەکانیانە.
فرمێسكی پار تەنها بۆ لەکیسچوونی خاك نەبوو، کە دڵنیام نابێ بە هی ئەوان. فرمێسك بۆ شکۆیەك بوو، کە ئێمەی ئاهورایی لەوانی ئەهریمەنی جودا دەکاتەوە. فرمێسك بۆ ئاڵایەك بوو کە دەیویست وەکو ئەوانەی خەڵکی چەند سانتیمەترێك لەم گەردوونە فراوانەی بەرکەوێت، فرمێسك بۆ لەگۆڕنانی خەونی هەزاران ساڵەی نەوەکانی ماد، خاوەنانی ڕاستەقینەی ئەم زێدە پیرۆزە بوو.
ئەو ناپاکانەی وا دەزانن بە هاوکاریکردنی تاریکپەرستان کارێکی باشیان کردووە، جگە لە لەکەدارکردنی شەرەفی  کەسیی خۆیان، شەرەفی نەتەوەشیان وا  ڕوشاند، کە سوێی خستە دڵ و هەستی هەمووانەوە.
ئومێد و هیوا هەیە و دەمێنێت، مێژوو و ئێستای کوردیش بەشی ئەوە دەکات کە دڵنیابین هێزە ئەهریمەنیییەکان ناتوانن ڕوناکیی ناو هزر و ڕەوانی دەروێش و شەیدایانی ڕێگای سەربەخۆخوازی بکوژێننەوە، چون ئەوانە ئیلهام لەو باوەڕە یەکتاپەرستییە وەردەگرن کە هەڵگری هەموو مانا و شکۆکانی مرۆڤە