Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كەركووكییەكان: خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، پەڵەیەكی ڕەشە بە نێوچەوانی بكەرانییەوە

 

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەردا تێدەپەڕێت، هاووڵاتیانی شارەكەیش دەڵێن، پەڵەیەكی ڕەشە بە نێوچاوانی بكەرانییەوە، ئەوەی بە وڵاتانی چواردەور دەرهەق بە كورد نەكرا، ئەوان كردیان.

١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧، لە لایەن باڵێكی نێو یەكێتییەوە بە رێككەوتنێكی ژێربەژێر، كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری رادەستی حەشدی شەعبی و هێزەكانی دیكەی عێراق كران، كە ئەوەش وەك خیانەتێكی نیشتیمانی لە پەراوی مێژووی ئەو كەس و لایەنەدا تۆمار كرا.

جیهانگیر خالید، هاووڵاتییەكی شاری كەركووكە و ئاوارەی هەولێر بووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "ئێران و عێراق لە پاش پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە، خەونیان بە لێكترازانی كورد لە بەغدا و كەركووك و خورماتوو دەبینی، بە داخەوە دەستی رەشی خیانەت بووە كەواسووری بەر لەشكر و نیشتیمانیان خستەوە ژێر پۆستاڵی حەشدە داعشیزمەكان".

جیهانگیر خالید، بە سەرسووڕمانەوە ئاماژەی دا، ئەوەی دوژمنانی كورد نەیانتوانی بەرانبەر یەكڕیزیی كورد بیكەن، بە خیانەتێكی جەرگبڕ لە لایەن كەسانێكی بە ناو كوردەوە، بەرانبەر كورد كرا.

سەرباری ئەو خیانەتە گەورەیە، جیهانگیر پێیوایە هەرچیی ڕاوچیی زەلكاوەكان و چەقۆوەشێنەکانی باشووری عێراق و ئێران هەیە، هێندرانە ناو دڵی كوردستانەوە، ئەویش بە ناوی سەپاندنی یاسا! ئەمەیش تەنیا لە پێناو وەدەرنانی پارتی! لە كاتێكدا ئەوە لێدان بوو لە شكۆی گەل و خاك.


ئەحمەد عەلی، هاووڵاتییەكی دیكەی كوردی كەركووكە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژە بە بارودۆخی ژیانیان لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر دەكات، كەوا هێزە میلیشیاكانی حەشد و سوپا و پۆلیسی فیدراڵی وەك ئەوەی، وڵاتێكی دیكەیان داگیر كردبێت مامەڵەیان لەگەڵ كردوون و بە چاوی دوژمنەوە هەڵسوكەوتیان دەكرد.

ئەو جەختیش دەكاتەوە، چەندین كەسایەتیی كوردی دیاری ئەو شارە، لە لایەن حەشد و پێكهاتەكانی دیكەوە سوكایەتییان پێ كراوە و لێیان دراوە، تەنیا تاوان كوردبوونیان، وەك خۆی تیشكی خستە سەر، بۆ شكاندنی شكۆی ئەو كەسانە بووە.

ئەحمەد نموونە بە پزیشكێكی دیاری كورد دێنێتەوە، كە هاووڵاتییەكی غەیرەكورد بە چەقۆ هێرشی كردووەتە سەری و بە پەلە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و لە مردن گەڕاوەتەوە، بەڵام دادوەر لە بری ئەوەی دەستگیری بكات، تاوانباری بە بێتاوان لە قەڵەم دا.

ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە دوێنێ شەو لە لایەن هێزێكی عێراقییەوە دراوە بەسەر ماڵی هاووڵاتییەكی كورد و دوو برایان بۆ شوێنێكی نادیار بردووە، تەنیا لەبەر ئەوەی یەكێكیان بەرپرسی گرووپی بزووتنەوەی مافی كوردە لە كەركووك.

خێڵان بەختیار