Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی خیانەتەكەی شازدەی ئۆكتۆبەر

 

هەولێر-KDP.info-  لە پەیامیدا لە ساڵوەگەڕی خیانەتی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، "شازدەی ئۆكتۆبەر ڕۆژێكی تاریكە لە مێژووی میللەتەكەمان. لەو ڕۆژەدا بوو كە خیانەتی نامەردانە، لە ئومێد و ئاواتەكانی گەلێكی مەزڵووم كرا." هاوکات ڕایگەیاندووە، کە مساوەمە لەسەر ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركووك ناكرێت.

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی خیانەتەكەی شازدەی ئۆكتۆبەر

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شازدەی ئۆكتۆبەر ڕۆژێكی تاریكە لە مێژووی میللەتەكەمان. لەو ڕۆژەدا بوو كە خیانەتی نامەردانە، لە ئومێد و ئاواتەكانی گەلێكی مەزڵووم كرا. بەهۆی دەستێكی ناوخۆییەوە یارییەكی بێویژدانانە بە چارەنووسی گەلەكەمان كرا و ئەو خاكەی بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانە پارێزرا بوو، لە چوارچێوەی پیلانێكدا كەوتە ژێر داگیركاری و كاولكاری و سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكانی گەلی كوردستان.
ئەو پیلانە نەگریسە، سووكایەتی بوو بە سەد ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمان. سووكایەتیكردن بوو بە خوێنی شەهیدان و ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان پاراست و لە جیاتی هەموو مرۆڤایەتی شەڕی تیرۆریان دەكرد. هەروەها سووكایەتیی بوو بە دەنگی ڕەوا و ئاشتییانەی گەلی كوردستان كە تەنیا تاوانی ئەوە بوو دەنگی ڕاستەقینەی خۆی بە گوێی جیهانییان گەیاند.
ئێمە پێشبینیی هەموو ئەگەرێكمان كردبوو، بەڵام هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەبووین دەستێكی ناوخۆیی بەمشێوەیە خەنجەر لە پشتی گەلی كوردستان بدات.
ئەوان ویستیان بە ناپاكی و داگیركاری و زەبروزەنگ، ئیرادەی گەلەكەمان بشكێنن كە ئازادیخوازی و پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانە، بەڵام ئیرادەی گەلەكەمان بە زیندوویی ماوەتەوە و بە دڵنیاییشەوە ئازادیخوازی و پەیامی ئاشتی، سەربەرزییە و ناپاكی و داگیركاریش سەرشۆڕی و شوورەییە.
ئامانجی شازدەی ئۆكتۆبەر، نەهێشتنی كیانی هەرێمی كوردستان و بێماناكردنی مافەكانی گەلی كوردستان بوو. ئەگەرچی بە هاوكاری و چاوساغیی دەستێكی ناپاكی ناوخۆیی، پیلانێكی زۆر گەورە لەدژی گەلەكەمان لە ئارادا بوو، بەڵام كە پێشمەرگە بڕیاری بەرگری و كۆڵنەدانی دا، هاوكێشەكان گۆڕان و سەربەرزی بۆ گەلی كوردستان مایەوە.
لەو یادە تاڵەدا، داوا لە هەموو لایەك دەكەم ڕێز لە مێژوو و مافەكانی گەلی كوردستان بگرن، سیاسەتی شۆڤینی و ئینكاركردن هیچ ئەنجامێكی نییە و تەنیا شەڕ و دواكەوتوویی لێ دەكەوێتەوە. هەمیشەیش داوامان كردووە كە كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیان، بەڵام مساوەمە لەسەر ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركووك ناكرێت. داوایش لە هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم بە ئومێد و هێزەوە بڕواننە داهاتوو، دۆزی گەلی ئێمە ڕەوایە و بە شەڕ و پیلان و ناپاكی، كۆتایی نایەت.
شازدەی ئۆكتۆبەر ئەو ڕۆژە تاریكەیە لە مێژووی گەلەكەماندا كە هەرگیز لە یاد ناكرێت و دەبێ ببێتە وانە بۆ تاك تاكی گەلی كوردستان.
سڵاو بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی.
سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان.
سڵاو بۆ تێكۆشەران و نیشتیمانپەروەران.
مسعود بارزانی
16ـی 10ـی 2018