Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پاساوی ناپاكی

زكری مووسا
لەو ڕۆژانە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ خیانەتەكەی شازدەی ئۆكتۆبەر زۆر دەبیسرێ كە شنگال فرۆشرا، ڕاستییەكەی بابەتی شنگال لەو نووسینەی خواروو بخوێنەوە:
لەناوەڕاستی مانگی ئەگۆستی 2014 داعش پەلاماری شنگالی دا. كارەساتەكەی شنگال درێژەپێدەری ئەو كارەساتانە بوو كە بە درێژایی مێژوو بەسەر گەلی كورددا هاتبوو. لە كارەساتی شنگالدا ئێزیدییەكان كەوتنەبەر شمشێری جەهالەت و تیرۆر كە لە وەحشیگەریدا وێنەی لە مێژوودا كەمه. بەشێكی هێزە سیاسییەكانی كورد بە تایبەت پەكەكە و هێزە باڵادەستەكانی سلێمانی ئەم كارەساتەیان قۆستەوە بۆ لەكەداركردنی حكوومەتی هەرێم و پێشمەرگە و پارتی. لە تۆڵەسەندنەوە و سارێژكردنی ئەم برینە قووڵەدا بەشدار نەبوون بەڵكو ویستیان بە لێكدانەوەی سەیر و سەمەرە برینی شنگال قووڵتر بكەن و پارتی دیموكراتی كوردستان كە زەرەرمەندی سەرەكیی شەڕی داعش بوو هێندەی تر ئازار بدەن.
شنگال فرۆشرا... ڕادەستی داعش كرا... پێشمەرگە هەڵات... و هتد ویستیان بەم لێكدانەوانە جەلادی سەرەكی كە داعشە ون بكەن و خەڵك هۆكارەكانی كەوتنی شنگالیش نەزانن.
شنگال بۆ كەوت؟
بۆ ئەوەی كورد ئەم كارەساتە وەك ئەزموونێك وەربگرێت ئەبێ هۆكارە ڕاستەقینەكانی وەك خۆی باس بكرێت و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە بگیرێت:
یەكەم: گەورەترین هۆكاری كەوتنی شنگال جیۆگرافیاكەی بوو. شنگال حەفتا هەتا نەوەد كیلۆمەتر لە سنووری ئیداریی هه‌رێمی كوردستانەوە دوورە و وەك دوورگەیەك بە ناوچە عەرەبنشینەكانەوە دەور درابوو. ڕێگە سەرەكییەكانی شنگال (ڕەبیعه شنگال. زومار شنگال. تەلەعفەر شنگال) بەنێو عەرەبەكاندا تێدەپەڕێت. لە كاتی هاتنی داعش هەموو ئەو ڕێگە سەرەكیانە لە لایەن هۆزە عەرەبەكانەوە پچڕێندرا و شنگال ئابلۆقە درا و هێزەكانی پشتیوانی پێشمەرگە نەیانتوانی بجووڵێن.
دووەم: هۆزە عەرەبەكان ناپاكیان لە ئێزییدییەكان كرد و هاوەدەستیان لەگەڵ داعش كرد، ئەگەرچی سەدان ساڵ بوو وەك دراوسێ لەگەڵ یەكتر ژیابوون. ئەوان بە ئێزیدییەكانیان ڕاگەیاندبوو كە ناوچەكانیان چۆڵ نەكەن و گەرەنتیمان لە داعش وەرگرتووە كە ئازاری كەس نەدەن. بەڵام لە ڕاستیدا هەمان ئەو هۆزانە كەوتنە گیانی ئێزیدییەكان و تاوانكاریی گەورەیان ئەنجام دا.
سێیەم: هێزەكانی پێشمەرگە و زێرەڤانی كە لە ناوچەی شنگالدا جێگیر ببوون زیاتر هێزی چاودێریی ڕێگەوبان بوون و هێزێكی گەورەی شەڕكەر نەبوون كە بتوانن لەو جیۆگرافیا یان و بەرینە بەرەی بەرگریی دروست بكەن.
چوارەم: بەهۆی ئابلۆقەی دوازدە ساڵەی بەغدا لەسەر پێشمەرگە، چەكی پێشمەرگە كۆن و لەكاركەوتوو و سووك بوو. لەبەرانبەردا چەكی داعش پێشكەوتوو بوو. داعش پێشكەوتووترین چەكی ئەمەریكایی و ڕووسی بە قەبارەیەكی یەكجار گەورە لەبەردەستدا بوو.
پارسەنگی چەك و جیۆگرافیا و شەڕی دەروونی لە قازانجی داعش بوو و شنگال لاوازترین خاڵی كوردستان بوو و تیرۆریستان توانیان ئەو كارەساتە بخوڵقێنن، ئەگەرچی پێشمەرگە توانی لە چیای شنگال بەرگریی قارەمانانە بكات و سەدانهەزار خەڵك بپارێزێت و بۆ ماوەی چوار مانگیش ڕێگەی نەدا داعش چیای شنگال بگرێت.
ناوچەی ڕەبیعە و چیای شنگال و زوممار بە خوێنی پێنجسەد شەهید لە دەست داعش دەرهێنران و لە 13ـی 11ـی 2015ـیش پێشمەرگە شنگالی ئازاد كرد.... و لە ئەنجامی خیانەتەكەی 16ـی ئۆكتربەر كەوتە دەست حەشدی شەعبی. شنگال ناوچەیەكی ستراتیژیی بوو و هەر لەسەرەتاوە چاوی داگیركاری لەسەر بوو، ئەو شەڕە ڕاگەیاندنەی لەدژی پێشمەرگە لە بابەتی شنگال دەكرا هەر بۆ ئەوە بوو شنگال بكەوێتە دەست داگیركار...