Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فڕاكسیۆنی پارتی: بڕیارەكانی عەبادی ھەڵدەوەشێنەوە

 

بەغدا-KDP.info- ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ لەبارەی سێ بڕگەوە كۆ دەبێتەوە و یەكێك لە بڕگەكانیش ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەیە كە سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق دەریكردبوون. ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، بە ھیچ شێوەیەك كار بەم بڕیارانەی دوای ١٢ی ئایار ناكرێ.

 ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی چەند بڕیارێكەوە كۆ دەبێتەوە، كە سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، حەیدەر عەبادی، لە دوای ھەڵبژاردنەكانی ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ دەریكردبوون.

پێوەست بەم پرسە، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی بە وەكالەت، محەممەد ئەمین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سێ بڕگە پێك دێت و، بە ھیچ شێوەیەكیش كار بەو بڕیارانە ناكرێت كە ساتی كۆتاییھاتنی تەمەنی پەرلەمان و ئەنجوومەن دەركراون."

ئەمین، گوتیشی: "بڕگەیەكی دیكەی دانیشتنەكە، دەنگدانە لەسەر پڕۆژەبڕیارێكی لیژنەی یاسایی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پلە تایبەتەكان و ئەو بڕیارانەی لە دوای ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی ئایاری ٢٠١٨وە لەلایەن حكوومەتی كاربەڕێكەرەوە دراون."

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەشڵێت: "بڕگەی سێیەم بریتییە لە یەكلاكردنەوەی پرسی لیژنەكانی پەرلەمان كە بڕیارە پێنج لیژنە بە كورد بدرێن، بەڵام كێشەی بەردەم لیژنەكان ئەوەیە پەیوەندییان بە وەزارەتەكانی حكوومەتەوە ھەیە و، تا وەزارەتەكان یەكلا نەكرێنەوە و وەزیر دیاری نەكرێن، بابەتی لیژنەكانی پەرلەمانی كۆتایی نایەت."

فائیزه‌ كۆیی