Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی و هاوپه‌یمانیی ئیسڵاح، هاوڕا بوون

 

هه‌ولێر-KDP.info-  نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی باڵای هاوپه‌یمانیی ئیسڵاح، هاوڕا بوون كه‌ پرۆسه‌ى سیاسى له‌سه‌ر هه‌رسێ بنه‌ماى هاوبه‌شى و یه‌كسانى و سازان به‌ڕێوه‌ بچێت و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌پێى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن.

ئێواره‌ی ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14/10/201، نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای هاوپه‌یمانیی ئیسڵاح به‌ سه‌رۆكایه‌تیی عه‌مار ئه‌لحه‌كیم كرد كه له‌ نوێنه‌رانى فراكسیۆنه‌كانى ئه‌لئه‌حرار ـ سه‌درییه‌كان، ئه‌لوه‌ته‌نییه‌، ئه‌لقه‌رار، ئه‌لعه‌ره‌بییه‌، ئه‌لنه‌سر، ئه‌لحیكمه‌ و به‌ره‌ى حیوار پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا شانده‌كه‌ پیرۆزباییی سه‌ركه‌وتنی پارتی دیموكراتی كوردستانى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستاندا پێشكه‌ش به‌ نێچیرڤان بارزانی كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها باسیان له‌ ڕۆڵى پێشه‌نگانه‌ى پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرد و ئاماده‌یى و به‌شداریى به‌هێزى پارتییان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا به‌ گرنگ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا، له‌ قه‌ڵه‌م دا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ قۆناغی داهاتووی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق كرا و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ پرۆسه‌ى سیاسى له‌سه‌ر هه‌رسێ بنه‌ماى هاوبه‌شى و یه‌كسانى و سازان به‌ڕێوه‌ بچێت و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌پێى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌كان بۆ قۆناغی داهاتوو هه‌وڵی جددی بۆ پێشخستنى عێراق له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ بده‌ن و كار بۆ جێبه‌جێكردنى داواكاریى هاووڵاتیان له‌ سه‌قامگیرى و ئاوه‌دانى و دابینكردنى خۆشگوزه‌رانی بكرێت.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان خوازیاره‌ له‌سه‌ر ئه‌و سێ بنه‌مایه‌ و دابینكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان به‌شدارییه‌كی كار و به‌هێز له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا بكات به ‌شێوه‌یه‌ك پرۆسه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌واوی گه‌لانی عێراقدا بێت.