Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی: پارتی بەرنامەی خۆی بۆ حکوومەتی داھاتوو ڕادەستی عادل عەبدولمەھدی کردووە

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامەی خۆی بۆ حکوومەتی داھاتووی عێراق ڕادەستی عادل عەبدولمەھدی کردووە و ئالیەتی حوکمڕانیشی لە عێراق دیاری کردووە، کە پێویستە لە عێراق کار بە زۆرینە و کەمینە نەکرێت و ھاوسەنگی و شەراکەت و تەوافق ھەبێت.

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ھاوپەیمانیی بنیاتنان و چاکسازی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "شاندی ئەوان ھاتبوون، یەکەم بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی و قسەکردن لەبارەی دۆخی عێراق و، دووەم بۆ ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بە گشتی و پارتی بە تایبەت باش بێت و ھەوڵ بدرێت بەرنامەیەکی ھاوبەش بۆ حکوومەتی داھاتوو ھەبێت و ھاوکاریی عادل عەبدولمەھدی بکرێت و پێیان باشە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھێزەوە لە حکوومەتی داھاتوودا بەشداری بکات، بۆ ئەوەی سەقامگیری لە عێراق بێتە ئاراوە و پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا وەکو پێشوو بگەڕێتەوە و ئەو شێوە حوکمە ھەڵەی ھەبووە چیی تر دووبارە نەبێتەوە."

فازڵ میرانی گوتیشی: "ئێمە پێمان گوتن کارێکی باشە و پێوەندیمان دەبێت و بەرنامەی خۆمان داوەتە عادل عەبدولمەھدی و ئالیەتمان دیاری کردووە کە چۆن حوکمی عێراق دەکرێت و زۆرینە و کەمینە نییە و گەورە و بچووک نییە و ھەموومان پێکەوە بەرژوەندیی ھاوبەشمان ھەیە، ھەر واجبێک لەسەر ئێمە ھەیە ئەدای دەکەین و ئەوەی مافی ئێمەشە وەریدەگرین، چونکە ھەردووکی بێ یەکتر نابن و جگە لەوەش، پێویستە  تەوافق و شەراکەت و ھاوسەنگی  ھەبێت و ئێمە بەو شێوەیە دەچینە پێشەوە و پێویستە بەو شێوەیەش بێت."

بڵند ئیبراھیم