Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەبدوڵڵا ئاكرەیی: بەرپرسانی ئێران بەڵێنیان دا پابەندی رێككەوتنەكان بن

 
ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و ئێران گوتی: "لە ماوەی ڕابردوودا ئێران پابەندی ئەو رێككەوتنانە نەبوو لەگەڵ ھەرێمی كوردستان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و مەرزەكان، بۆیە رێككەوتنێكی نوێمان كردووە و بەڵێنیان داوە پابەندی رێككەوتنەكە دەبن و چیتر كێشە بۆ بازرگانانی ھەرێم دروست ناكەن و مەرزكەكانیش ٢٤سەعات كراوە دەبن".
 
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ھەرێم و ئێران لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەند كۆبوونەوەیەك لە نێوان ھەرێم و ئێراندا ئەنجام دران و دواتریش كۆنفڕانسێكی ئابووری لە نێوان ھەردوو لا ئەنجام درا و پاشان رێككەوتن كرا كە لەسەر سنوور ھەموو ئاسانكارییەك بكرێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ بازرگانان و ٢٤سەعاتیش مەرزەكان كراوە بن، كە ھەرێمی كوردستان بە ھەموو شێوەیەك پابەندی رێككەوتنەكە بووە، بەڵام لایەنی ئێرانی پابەندی ئەو رێككەوتنە نەبوونە لە دیوی خۆیان و كێشەیان بۆ بازرگانان دروست كردووە و مەرزەكانیشیان ٢٤سەعات نەكردوونەتەوە".
 
ئاكرەیی گوتیشی: "ئێستا جارێكی دیكە كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجام داوە و رێككەوتنێكی نوێمان واژۆ كرد، كە بەڵێنیان داوە جێبەجێی بكەن و ھەموو ئاسانكارییەك بۆ بازرگانانی ھەرێم بكەن و مەرزەكانیشیان ٢٤سەعات كراوە بن، ئەمەش وادەكات جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان ھەردوولا زۆر زیاتر بێت".
 
 
 
لەبارەی قەدەغەكردنی هاوردەی ھەندێك كەلوپەل لە ئێرانەوە بۆ ھەرێمی كوردستان، عەبدوڵڵا ئاكرەیی گوتی: "وڵاتی ئێران لە قەیرانی داراییدایە وگەمارۆی خراوەتە سەر، بۆیە ئەوانیش لەبەر ئەوەی خۆیان پێویستیان پێی ھەیە، ھەندێك كەلوپەلی خۆراكیان قەدەغە كردووە و باسیان لەوە كرد كە ھەوڵ دەدەن بەشی ھەرێمی كوردستانیش دابین بكەن، بەڵام ئێمە كێشەمان نییە و ئەگەر ئەوانیش نەبن، سەرچاوەی دیكە ھەن دەتوانین ئەو كەلوپەلانەیان لێ دابین بكەین".
 
 
 
بڵند ئیبراھیم