Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. بەشیر: دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكان لەسەر بنەمای سیڤی، سەركەوتوو نابێت

 

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكان لە ڕێی سیڤییەوە بەسەر كەسانی سەربەخۆدا، سەركەوتوو نابێت، چونكە پشكی لایەنە سیاسییەكانە. سیاسەتمەدارێكی كوردیش پێی وایە لە هیچ شوێنێكی دنیادا نییە هەموو كەسێك بۆی هەبێت خۆی بۆ پۆستە وەزارییەكان كاندید بكات.

رۆژی سێشەممە ٩ی١٠، عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، ئەدرەسی ماڵپەڕێكی بڵاو كردەوە، كە تێیدا داوای لە هاووڵاتیان كردووە، كە سیڤییەكانیان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان لە كابینەكەیدا سەعات هەشتی هەمان رۆژ تا سەعات چواری رۆژی پێنجشەممە، ١١ی١٠ بنێرن.

دكتۆر بەشیر خەلیل، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرای عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا و ئاماژەی بەوە دا، كە شتێكی نوێیە لە پێكهێنانی حكوومەتدا و پێشی وایە، ئەو پڕۆسەیە سەركەوتوو نابێت. هاوكات دكتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كوردیش هەمان بۆچوونی هەیە كە سەركەوتوو نابێت، بەو پێیەی گەر لایەنەكان پشتگیریی كەسێك نەكەن، سەركەوتوو نابێت، بە سەرسوڕمانیشەوە گوتی: "لە ھیچ كوێیەكی دنیادا نییە ئەو شێوازەی عادل عەبدولمەھدی دایناوە بۆ پێكھێنانی حكوومەت، كە ھەموو كەسێك بتوانێ خۆی بۆ پۆستەكان كاندید بكات".

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێی وایە ئەو كارەی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، تەنیا بە پەیامێكی ئاسایی ناو دەبات، كە ناوبراو دەیەوێت بە هاووڵاتیان بڵێ كابینەكەی من جیاوازە لە كابینەكانی پێشوو. باوەڕیشی وایە، بۆی هەیە لەو هەمووە سیڤییە یەك دوو كەس وەربگیردرێت، ئەویش بەو مەرجەی هەموو لایەنەكان رازی بن. مەحموود عوسمان هەمان بۆچوونی هەیە و پێی وایە، سەرەتا دەبێت راسپێردراو لایەنەكان بۆ ئەو پرسە رازی بكات، بەوەی كەسانی سەربەخۆ بەشدار بكات لە كابینەكەی، دەنا ئەركێكی قورس دەبێت بۆ عادل عەبدولمەهدی.

هۆكاری سەرنەگرتنی ئەو كارە، دكتۆر بەشیر بۆ بوونی رێككەوتنی سیاسیی لایەنەكان لە هەمبەر پۆستەكانی دەگێڕێتەوە، كە پشكی لایەنە سیاسییەكانی عێراقە و بە پێی سەنگ و دەنگی لایەنەكان پۆستە وەزارییەكان دابەش دەكرێن، بۆیە ناكرێت بدرێنە كەسانی دیكە، گوتیشی: "گەر بەو پێیە بێت و پۆستەكان بە كەسانی سەربەخۆ بدرێن، كەوایە بۆ هەڵبژاردنمان كرد؟!".

دكتۆر مەحموود، پێی وایە ئەو ھەموو خەڵكە سیڤیی خۆی پێشكەش دەكات، دەبێتە هۆی ویستنی زۆری كات، تا لە یەك جیا دەكرێنەوە، بە سەیریشی دەزانێت، لەبەر ئەوەی كەسی راسپێردراو تەنیا سێ حەفتەی لە بەردەستدا ماوە و پێویستە پەلە بكات بۆ ئەوەی كابینەی نوێ ئامادە بكات.

دكتۆر بەشیر جەختیشی لەوە كردەوە، گەر بزانن عادل عەبدولمەهدی پۆستەكان لە رێی ئەو سیڤیانەوە دابەش دەكات، ئەوان هەڵوێستی خۆیان دەبێت و لەگەڵ لایەنەكانی دیكەیشدا لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ دەكەن، تا بۆچوونی ئەوانیش بزانن.

 

خێڵان بەختیار_بڵند ئیبراهیم