Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەغدا دەیەوێت بە زۆر یەكێتیی مامۆستایان لە كەركووك دەربكات

 

كەركووك-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان گوتی: "چەندین جار كەسانێك بە ناوی حكوومەتی عێراق و ئیدارەی ناشەرعیی كەركووكەوە، هاتوونەتە سەر بارەگای یەكێتیی مامۆستایان و دەیانەوێت بە زۆر لەو شارە دەرمان بكەن، بەڵام ئێمە بەردەوامین لە بەرگریكردن و ئامادە نین چۆڵی بكەین".

ئەحمەد گەرمیانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كورستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، حكوومەتی عێراق لە چوارچێوەی پڕۆسەی عەرەباندندا بە ھەموو شێوەیەك دژایەتیی پڕۆسەی خوێندنی كوردی دەكات لە كەركووك و، سەرجەم رێكخراوە پیشەییەكانی كەركووكیان داخستوون، تەنیا یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان نەبێت كە سوورە لەسەر ئەوەی لە كەركووك بمێنێتەوە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار كەسانێك بە ناوی سەندیكای بەغداوە چوونەتە سەر بارەگای ئێمە بە پاڵپشتیی پارێزگاری ناشەرعیی كەركووك، بۆ ئەوەی دەریان بكەن و بیناكە داگیر بكەن، بۆیە لقێكیان دروست كردووە و دەیانەوێت دەرمان بكەن، ئێمەیش بە ھەموو شێوەیەك پێداگری دەكەین كە چۆڵی نەكەین، بەڵام ئەوانیش بە ھەموو شێوەیەك گوشارمان لەسەر دروست دەكەن".

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان گوتیشی: "ئێمە رێكخراوێكی پیشەیین و خزمەتی مامۆستایان دەكەین، بەڵام ئەوان دەیانەوێت لە كەركووك ھیچ ناسنامەیەكی كوردی نەمێنێت".

گەرمیانی باسی لەوەش كرد: "دەزانن كە ئێمە ئەو بارەگایە چۆڵ ناكەین، ئێستا بەنیازن لە رێگەی پارێزگاری ناشەرعیی كەركووكەوە سكاڵا لەسەر ئێمە تۆمار بكەن و بەزۆر بارەگاكەمان پێ چۆڵ بكەن، بۆیە بە ھەموو شێوەیەك ھەڕەشە دەكەن بۆ ئەوەی لەو شارە دەرمان بكەن".

 

بڵند ئیبراھیم