Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی ناوخۆ: ئەوەی تۆمەتمان بۆ دروست بكات، سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەین

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی ھەندێك لایەنی سیاسی ئاڕاستەی ئێمەیان كردووە، ھیچ بنەمایەكی نییە و لە راستییەوە دەشڵێ: "ئەوەی تۆمەتی بێبنەمامان بۆ دروست بكات، سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەین.

سەبارەت بە تۆمەتباركردنی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان كە گوایە لەم ھەڵبژاردندا ناسنامەی ساختە دروست كراوە بۆ ئەنجامدانی ساختەكاری لەلایەن ھەندێك لایەنی سیاسیی ھەرێمەوە، د. سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو تۆمەتەی ھەندێك لایەنی سیاسی ئاڕاستەی ئێمەیان كردووە، ھیچ بنەمایەكی نییە و لە راستییەوە دوورە، بەڵام ئەو لایەنانە دەنگیان كەمی كردووە، بۆیە نایانەوێت ددانی پێدا بنێن و دێن تۆمەت بۆ ئێمە دروست دەكەن، ئەگەرنا با بە بەڵگە بیسەلمێنن، نەك تەنیا بە قسە ئێمە تۆمەتبار بكەن".

د. سامی گوتیشی: "ئەگەر بەڵگەیان ھەیە با سكاڵا تۆمار بكەن، بەڵام ئایە دەكرێ وەزارەتێك ھەڵسێت بەڵگەنامە ساختە بكات؟ ئەمە بە عەقڵی ھیچ كەسێكدا ناچێت، بەڵام لەبەر ئەوەی دۆڕاون، ئەو تۆمەتانە دروست دەكەن".

دەشڵێ: "ئەگەر ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی ئێمە بكرێت، سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەكەین".

 

بڵند ئیبراھیم