Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی داراییەوە سەبارەت بە جیاوازیی مووچە

 

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەیەكی سەبارەت بە جیاوازیی مووچەی فەرمانبەران بڵاو كردەوە.

ئەمە دەقەكەیەتی:

ئاماژە بە رێنماییمان ژمارە (18)ی ساڵی 2018 و بە هۆی ئەو لێكدانەوە جیاجیایانەی كە بۆی كراوە لە رێگەی ئەم روونكردنەوەیە مەبەستی رێنماییەكە دەیخەینە ڕوو، كە بۆ كەمكردنەوەی رۆتینات و دەسەڵاتدانە بە بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەكانی سەر بە وەزارەتمان بۆ:

1- ئەم رێنماییە خەرجكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران نییە كە بەپێی رێنماییمان ژمارە (15)ی ساڵی /2016 و لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە /64 لە 3/2/2016 جێبەجێ كراوە، بەڵكوو تەنیا خەرجكردنەوەی جیاوازیی مووچەیە (مووچەی بنەڕەتی + دەرماڵەكان).

2- خەرجكردنەوەی جیاوازیی مووچەی‌ (مووچە بنەڕەتییەكە و دەرماڵەكان) مانگەكانی ساڵی 2017 كە بە هەڵە ‌یان بە هۆی دواكەوتنی فەرمانە كارگێڕییەكان خەرج نەكراوە و لەگەڵ مووچەی مانگی كانوونی یەكەم /2017 بەستراون.

3- بە هۆی ئەوەی مووچەی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2017 كراوەتەوە پاشەكەوت، بڕی ئەم جیاوازییەی كە فەرمانبەر شاییستەی دەبێت، بۆی خەرج دەكرێتەوە، بۆ نموونە:

_ فەرمانبەرێك شاییستەی سەرمووچەی ساڵانە ‌بێت لە رێكەوتی 1/10/2017 بەڵام فەرمانی كارگێڕیی دوا بكەوێت بۆ مانگی (11)ی ساڵی /2017 و جیاوازیی سەرمووچەی  ناوبراو لە رێكەوتی 1/10/2017 تاكو 31/11/2017 لەگەڵ مووچەی مانگی (كانوونی دووەمی) ساڵی /2017 بۆ بەسترابێت، لەم‌ حاڵەتەدا ئەم جیاوازییەی بۆ خەرج دەكرێتەوە.

_ یاخود فەرمانبەرێك شاییستەی دەرماڵەی هاوسەری ‌بێت بە بڕی (000 50) پەنجا هەزار دینار مانگانە لە مانگی (11)ی ساڵی /2017 بۆی خەرج نەكرابێت، لەم حاڵەتەدا ئەگەر ئەم دەرماڵەیە لەگەڵ مووچەی مانگی (12)ی ساڵی /2017 بۆی بەسترابێت، ئەوا ئەم دەرماڵەیەی بە بڕی (000 50) پەنجا هەزار دینار بۆی خەرج دەكرێتەوە.

4- فەرمانبەرێك مووچەی مانگی (11)ی ساڵی /2017ی بۆ خەرج نەكرابێت و لەگەڵ مووچەی مانگی (12)ی ساڵی /2017 بۆی بەسترابێت، ئەوكات مووچەی مانگی (11)ی ساڵی /2017 ی بۆ خەرج دەكرێتەوە .

5- هەر جیاوازییەكی مووچەیی و دەرماڵەیی فەرمانبەر كە شاییستەیەتی، بەڵام بۆی خەرج نەكراوە و لەگەڵ مووچەی مانگی (12)ی ساڵی /2017 تۆمار كرابێت، بۆی خەرج دەكرێتەوە بە لیستی جیاو و لـە كاتی دابەشكردنی مووچـەی مانگانەدا.