Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مه‌سروور بارزانی پێشوازی له‌ سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح كرد

هەولێر-KDP.info-  مه‌سروور بارزانی پێشوازی له‌ سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح كرد و لە دیدارەکەدا، هادی عامری پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و هیوای خواست هه‌نگاوێكی كاریگه‌ر بێت بۆ به‌ره‌وپێشبردنی بارودۆخه‌كان.

ئه‌مڕۆ 4/10/2018 مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیكرد له‌ هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح.
له‌و دیداره‌دا دوا په‌ره‌سه‌ندن و پێشهاته‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق تاوتوو كرا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پێویستی پابه‌ندبوون به‌ بنه‌ماكانی ده‌ستوور و رێزگرتن له‌ مافی پێكهاته‌كان كرده‌وه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌ هادی عامری پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و هیوای خواست هه‌نگاوێكی كاریگه‌ر بێت بۆ به‌ره‌وپێشبردنی بارودۆخه‌كان.
له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ پێویستی بنه‌مای شه‌راكه‌ت و هاوسه‌نگی و سازان كرد و داوای كرد  هادی عامری رۆڵی كاریگه‌ر بگێڕێت بۆ چه‌سپاندنی ئه‌م بنه‌مایانه‌.

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی رۆڵ و توانای عادل عه‌بدولمه‌هدی راسپێردراو به‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقی فیدراڵ رایگه‌یاند،  عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ كه‌سێكی شیاو ده‌زانین بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ، هیوادارین هه‌موو هه‌وڵ و توانای خۆی بۆ چاره‌سه‌ركردنێكی  خێرا و گونجاوی كێشه‌ و پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوور بخاته‌گه‌ڕ، هه‌روه‌ها كار بكات بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تی و رۆژانه‌ییه‌‌كان بۆ هاووڵاتیانی عێراق.