Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەركەوتنە مەزنەكەی پارتی

ئاریان فەرەج

ئەمڕۆ ئەنجامە بەراییەكانی پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەركەوتنە مەزنەكەی پارتی رادەگەیەندرێ.ئەو سەركەوتنەی لە لایەن كۆی خەڵكی كوردستان و یار و نەیاری پارتییەوە پێشبینی دەكرا.
ئەمجارەش زۆرینەی گەلی كوردستان بۆ بەڕێوەبردنی ووڵات و بۆ حوكمڕانییەكی باشتر و بۆ ئاوەدانییەكی فروانتر و بۆ چاكسازییەكی بنەڕەتی و گۆڕانكارییەكی گەورە، متمانە و دەنگ و پشتیوانییەكی گەورەی بە پارتی بەخشی. ئەو پارتییەی پێشتر هەرچی لەدەستهات و لە هەر كوێ دەسەڵاتی هەبوو ووڵاتی بوژاندەوە و ئاوەدانكردەوە، شێلگیرانە داكۆكی لە مافە رەوا و دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان كرد و بەگژ مافخۆر و نكۆڵیكاراندا چووەوە. ئەو پارتییەی لە ریفراندۆمدا تێكڕای گەلی كوردستانی بەرەو دیاریكردنی مافی چارەنوس رابەرایەتی كرد. ئەو پارتییەی بە گیانی رۆڵەكانی دیفاعی لە خاكی كوردستان و شكۆ و كەرامەتی كوردستانییان كرد و داعش و پەلاماردەرانی تێكشكاند. ئەو پارتییەی لە هەموو لایەكەوە نیشانەی لێگیرایەوە و هەرچی تیری ژەهراوی بوو ئاراستەی كرا و بەڵام نە كۆڵی دا و نە مساوەمەی لەسەر مافەكانی كورد كرد و نە خۆی بەدەستەوە دا. ئەو پارتییەی پێشتر بەڵێنەكانی بردە سەر و ئەمجارەش نە بەردی گەورەی هەڵگرت و نە بەڵێنی بێ بنەمای عەوام فڕیودەری لە پێناو دەنگ كۆكردنەوەدا دەرخواردی خەڵك دا. ئەو پارتییەی وەك هەمیشە راستگۆ و سەر راست و یەك روو بوو لەگەڵ میللەتی خۆی. ئەو پارتیەی بڕوای بە هێز و جەماوەری خۆی و رێبازەكەی خۆی و تۆكمەیی و یەكگرتوویی خۆی و بڕوای بە هۆشیاریی گەل هەبوو، هەر بەو باوەڕەشەوە داخڵی تاقیكردنەوەكە بوو و هەر بە پشتی گەلیش سەركەوت.
ئەم سەركەوتنە مەزنە، پارتی دەخاتە بەردەم مەسئولیەتێكی لە جاران سەخت و جددیتر. دەیخاتە بەردەم وەفاداری و ئەجردانەوەی میلەت، دەیخاتە بەردەم ئیمتیحانی سەختی پاراستنی متمانە و عەهد و بەڵێنێك كە لەگەڵ گەلی كوردستاندا بە یەكدییان بەخشی.
پارتی سەركەوتنە مەزنەكەی بەدەستهێنا و لەبەرامبەریشدا خەڵك چاوەڕوانی كوردستانێكی بەهێز و كۆتایی فەوزای سیاسی و پەرلەمانێكی كارا و و حكومەتێكی تۆكمە و مونسەجیم و خزمەتگوزار و یاساسالار دەكەن. چاوەڕوانی رۆژگارێكی باشتر و گوزەرانێكی شایستەتر و دەسپێكردنەوەی ئاوەدانكاری و پەرەپێدانی كوردستان دەكەن.