Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی: هیوادارین لێدوانی هیستریایی و ناوەخت و نامەسئولانەی وتەبێژی یەکێتی، هەوڵێک نەبێ بۆ شاردنەوە و پەردەپۆشی خروقات

 

 
 
هه‌ولێر-KDP.info-  گوته‌بێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرباری کەموکورتی و تێبینییان له‌ پرۆسەی هه‌ڵبژاردندا ڕایده‌گه‌ینێ، كه‌ گەلی کوردستان ئەم تەجرەبەیەشی سەرکەوتوانە تێپەڕاند. هاوكات له‌ ڕاگه‌یێندراوێكدا ڕایده‌گه‌یێنێ، پێش رووداوەکان ناكه‌ون و تۆمەتی پێشوەختەش نابه‌شنه‌وه‌، به‌ڵام ده‌ڵێ، ''ئەوەی جێی سەرسوڕمان و هەڵوەستەی ئێمەیە، لێدوانی هیستریایی و ناوەخت و نامەسئولانەی وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی بوو، کە زۆر شپرزانە و بەرلەوەی هیچ ئەنجامێکی سەرەتاییش بەدەرکەوتبێ، کەوتە هەڵوێست وەرگرتن و سەنگەرگرتن لە کۆی پرۆسەکە و تۆمەتبارکردنی بێ بنەما و شەڕفرۆشتن بە پرۆسەکە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک.
 
 
ده‌قی راگەیاندراوێک لە وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
 
ئەمڕۆ خۆشبەختانە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە هیممەتی دڵسۆزان لە کەشێکی ئارام و ئازاد و ئاشتییانەدا بەڕێوە چوو، سەرباری کەم و کورتی  و تێبینی کە لە هەر پرۆسەیەکی لەو جۆرەدا روو دەدەن، گەلی کوردستان ئەم تەجرەبەیەشی سەرکەوتوانە تێپەڕاند. 
 
ئێمە لە کاتێکدا سوپاسی ماندوویی و هەوڵەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی کوردستان و رۆڵی بەرچاوی هەموو لایەنە پەیوەنددارەکان و بەشداریی هاووڵاتیان  و بە تایبەت جەماوەری وەفاداری پارتیمان دەکەین، هەر لە سۆنگەی پابەندیی تەواومان بە رێنوماییەکانی کۆمسیۆن، رایدەگەیەنین کە سکاڵاکانمان لەسەر کۆی ئەو خروقات و سەرپێچیانەی لە هەندێ شوێن روویان دا بە رێگەی ئوسوڵی خۆیدا تۆمار کردووە و بە دوایدا دەچین و لەوەشدا نە پێش روداوەکان دەکەوین و نە تۆمەتی پێش وەختەش دەبەشینەوە. 
 
بۆیە ئەوەی جێی سەرسوڕمان و هەڵوەستەی ئێمەیە، لێدوانی هیستریایی و ناوەخت و نامەسئولانەی وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی بوو، کە زۆر شپرزانە  و بەرلەوەی هیچ ئەنجامێکی سەرەتاییش بەدەرکەوتبێ، کەوتە هەڵوێست وەرگرتن و سەنگەرگرتن لە کۆی پرۆسەکە و تۆمەتبارکردنی بێ بنەما و شەڕفرۆشتن بە پرۆسەکە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک.
 
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتێکدا سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە و شێوازی رقاوی و هەڵەشانەی وتەبێژەکەی یەکێتی کە لە نێوخۆی حزبەکەی خۆشیدا زۆر بڕی نەکرد و بۆی راست کرایەوە، رەت دەکەینەوە، هیوادارین ئەو شڵەژان و توڕەییە، کاردانەوە نەبێت بەرامبەر رێکارە توند و رێنوماییە وردەکانی کۆمسیۆن کە مەجالی تەزویر و ساختەکاریی فراوان و مونەزەمی بەرتەسک کردەوە، یاخود هەوڵێک نەبێ بۆ شاردنەوە و پەردەپۆشی خروقات و سەرپێچییەکان لە رێی تۆمەتبارکردنی خەڵکی دیکەوە.
 
مەحمود محەمەد
وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان
30/9/2018