Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: پارتی گۆڕانکاری و چاکسازیی گەورە دەکات.. مەحاڵە هەڕەشە قبووڵ بکەین

 

 

سلێمانی-KDP.info-  سەرۆک بارزانی لە گوتاریدا لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر پارتی سەرکەوتنی بە دەست هێنا، ئەوا گۆڕانکاریی گەورە و چاکسازییەکی گەورە دەکات. راشیگەیاند، کە مەحاڵە قبووڵ بکرێ جارێکی دیکە هەڕەشە لە پارتی و خەڵکی بێده‌سته‌ڵاتی ئەو دەڤەرە بکرێ.

کەمێک پێش ئێستا، لە بانگەشەی لیستی ١٨٣ی پارتی لە سلێمانی، سەرۆک بارزانی لە گوتاریدا رایگەیاند، چەند رۆژێکمان ماوە بۆ هەڵبژاردن و ئەگەر پارتی سەرکەوتنی بە دەست هێنا گۆڕانکاریەکی گەورە و چاکسازییەکی گەورە دەکات، ئێمە ئومێدەوارین کە لە ٣٠ ئەیلوول ئەو دەرفەتە بۆ خۆتان و بۆ پارتەکان بڕەخسێنن.

سەرۆک بارزانی باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد و گرینگیی هەڵبژاردنی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە سەنگی پارتی دەرکەوت، چونكه‌ زۆر کەس دایاننابوو کۆتاییی پارتی ببینن، بەڵام بە هیمەتی جەماوەر و لایەنگرانی پارتی، پارتی بوو بە حزبی یەکەم لەسه‌ر ئاستی عێراق.. ئێستا هەموو لایک دەزانن کە پارتی یەعنی چی، پارتی نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەکات.
سەرۆک بارزانی لە گوتاریدا دووپاتی کردەوە، کە ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی پێوەندی نێوان هەولێر و بەغدا باش بکرێ، گرفتەکان چارە بکرێن، ئێمە پێمان خۆش بووە کە گرفتەکان چارە بکرێن، بەڵام مانای ئەوە نییە پاشەکشە لە مافی خۆمان بکەین.
لە بابەت هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلوولدا، سەرۆک بارزانی گوتی، دەرفەتێکی گرینگە بۆ پارتی کە وەک ئەوەی دەتانەوێ خزمەتان بکات، ئێمە بەڵێنی ئێوەتان پێدەدەین کە راستگۆ بین لەگەڵتان و هەرچی پێمان بکرێ بۆ خزمەتی ئێوە درێغی نەکەین.

سەرۆک بارزانی بۆ جەماوەی پارتی لە سلێمانی گوتیشی، ئێمە زۆر باش ئاگاداری مەینەتیی ئێوەین، بەڵام ئێوە خۆڕاگر بوون و، هاتووین لە ئێوە فێری خۆراگری بین، جێگەی شانازین و شانازیتان پێوە دەکەین، دەبێ کۆتایی بەم بارودۆخە نالەبارە بێ، دەبی قۆرغکردنی دەسەڵات کۆتایی بێ، مەعلومیشە کە لە کوێ دەسەڵات قۆرغ کراوە، دەمانەوێ دەوڵەتی یاسا دامەزرێنین، هاووڵاتیان یەکسان بن، مەحاڵە قبووڵ بکرێ جارێکی دیکە هەڕەشە لە پارتی و خەڵکی بێده‌سته‌ڵاتی پارتی لەم دەڤەرە بکرێ.

سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە خاڵێکی زۆر گرینگ کرد بۆئەوانەی چاودێری سندوقەکانی دەنگدان دەکەن، بۆ ئەو کەسانەی سەرپەرشتیی هەڵبژاردن دەکەن لەو دەڤەرە، داوای لێکردن کە کەس سندووقەکان جێنەهێڵێ و بواریش نەدەن هیچ فێڵێک لە ئێوە بکرێ، مەحاڵە قبووڵ بکرێ پەنجە بۆ یەک چاودێڕ ببردرێ و هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بکرێ.
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، باسی نێو ماڵی کوردی و یەکڕیزی زۆر دەکرێ، شاهێدی ئەوە دەدەن هەرچی لە دەستمان هاتووە کردوومانە، ئێمە بەردەوامیش دەبین، ئێمە ستراتیژیەتی خۆمان هەیە، کێ لەگەڵ ئێمە بۆ یەکڕیزی هاوڕا بێ، لەگەڵیان هاوڕا دەبین، بەڵام ئەوانی دژی ئەو ستراتیژیەتە بن، لەگەڵیان هاوڕا نابین.
سەرۆک بارزانی ئاماژەیشی دا، بە پێویستی نازانم و زۆر لەوە دڵسۆزترن کە من پێتان بڵێم دەنگ بە لیستی ١٨٣ بدەن، ئێوە خۆشەویستی ئێمەن، زۆر چاک لە مەینەتیی ئێوە تێدەگەین، بەڵام دوای ٣٠ی ئەیلوول کۆتایی بەو مەینەتە دێ.

لە کۆتاییدا سەرۆک بارزانی، سڵاوی گەرمی بۆ هەمووان بۆ شەهیدان بۆ گیانی پاکی شەهیدان بۆ خانەوادەی شەهیدان بۆ خۆراگری جەماوەری پارتی لە سلێمانی کرد و داوای سەرکەوتنیشی بۆ کاندیدان کرد.