Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قوشتەپه‌.. ٣٠٠ كەسی دیكە پەیوەندییان بە ڕیزەكانی پارتییەوە كرد

 

مەخموور-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی لە مەخموور دەڵێ، ئەمڕۆ ٣٠٠ كەس لە عەشیرەتی كەلھوڕ لە قوشتەپەوە پەیوەندییان بە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووە و، ھاتنی خەڵكیش بۆ ناو پارتی، بەردەوامە.

بەردەوام لایەنگر و هەوادارانی حزبەكانی دیكە و خەڵكی بێلایەنیش، پەیوەندی بە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەكەن، چونكە پارتی لە مێژووی خەباتی خۆیدا دەستكەوتی زۆری نەتەوەیی بە دەست هێناون و خزمەتی زۆری خەڵكی كوردستانیشی كردووە.

كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی پارتی لە مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان حیزبێكی نەتەوەییە و خەڵك بەردەوام پەیوەندی بە ریزەكانییەوە دەكەن، ئەمڕۆش لە عەشیرەتی كەلھوڕ ٣٠٠ كەس كە دانیشتووی قوشتەپەن، پەیوەندییان بەریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووە و، ئێمەیش سەردانمان كردوون و پێشوازییەكی گەرمیشمان لێ كردوون".

عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئەمە جاری یەكەم نییە و لەچەند رۆژی ڕابردوویشدا نزیكەی ٦٠ كەسی دیكە لە سنووری ئێمە ھاتنە ناو ریزەكانی پارتی، هەروەها لە ناوچە جیاجیاكانی مەخموور ناوە ناوە  ١٠ بۆ ١٥ تا ٢٠ كەس دێنە ناو ڕیزەكانی پارتییەوە، بەڵام ئێمە تەنیا ژمارە زۆرەكان لە راگەیاندن باس دەكەین".

 

بڵند ئیبراھیم