ههولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠/٩/٢٠١٨، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئهندامانی مهكتهبی سیاسی و سهركردایهتیی و بهرپرسانی لق و کاندیدانی پارتی بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئاهەنگێکی بەرفراوانی جەماوەری بۆ ئافرەتان، لاوان و قوتابیانی کوردستان، لە پیشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر ساز کرا.
لە مهراسیمهكهدا جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا وێڕای خۆشحاڵیی بە ئامادەبوونی لە ناو لاوان، ئافرەتان و قوتابیانی کوردستان، لاوان و گەنجانی بە هێزی کۆمەڵگەی کوردستان وەسف کرد کە ئێستا و داهاتووی وڵاتیان لەدەستدایە و بە بوونی ئەوان و لە سایەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، هەرێمی کوردستان بەرەو سیستەمێكى پێشکەوتووتر و سەردەمییانەتر هەنگاو دەنێت.
نێچیرڤان بارزانی، ئەزموونی ڕابردووی بەبێر هێنایەوە کە هاوبەشیی لاواز و لەرزۆک و بێ بەرنامە، دەبێته کۆسپ لەبەردەم پێشکەوتنی وڵات، هەربۆیە هۆکاری بەشدارییە جەماوەرییەکەی بۆ کۆکردنەوەی دەنگی زیاتر بۆ پارتی گەڕاندەوە لەپێناو بەڕێوەبردنی داھاتووى كوردستاندا به هێز و گوڕێكى زیاتر، چونکە مێژوو سهلماندوویهتى پارتی دەستێکی ئـەمینە و حزبێکە باوەڕی زۆربەی خەڵکی کوردستانی لەگەڵدایە و لەناو خەڵکی کوردستانەوە سەریهەڵداوە و به پاڵپشتیی جهماوهرهكهی ههر حزبی یهكهمی كوردستان دهمێنێتهوه.
نێچیرڤان بارزانی، پارتی بە حزبی پێشمەرگە پێناسە کرد، بەوەی کە لاوانی پێشمەرگەی گیان لەسەردەست زۆرترین قوربانییان بۆ سەرکەوتنی بەرنامە و ئـامانجی پارتی داوە و هێزی پارتی له پشتگیریی خهڵكی ڕهشوڕووت و سادهی كوردستانهوه هاتووه و ئهمهی به نهێنیی مانهوهی پارتی ناساند.
ههروهها ههڵبژاردنهكانی عێراقی بیرهێنایهوه كه خهڵكانێك ههبوون فاتیحهیان بۆ پارتی دهخوێند و دهیانگوت نهخشهی سیاسیی كوردستان دهگۆڕێت و پارتی جارێكی دیكه هێزی یهكهم نابێت، بهڵام لاوان و گهنجان و ژنان و ئافرهتان و ههموو خهڵكی كوردستان بۆ دوژمنانی كورد سهلماندیان كه پارتی پێشڕهوه و به پێشڕهویش دهمێنێتهوه.
هاوكات یەکسانیی ژن و پیاو و هەروەها دەستەبەرکردنی مافی ئافرەتانی بە بەرنامەی پارتی دانا و سووربوونی حزبەکەی لە بەردەوامیدان بە خوێندنی کچان لە سەردەمی خەباتی شاخی بە نموونەی باوەڕبوونی حزبەکەی بە بنەماکانی یەکسانی هێنایەوە.
لە وتارەکەیدا جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئافرەتان و لاوان و قوتابیانی بە بڕبڕەی پشتی پارتی وەسف کرد و لەگەڵ ئەوەشدا ناساندنی دۆزی گهلى كوردستانى بە جیهان بە شانازییەکی حزبەکەی لەقەڵەم دا. ئەوەشی گوت کە توانیویانە ناحەزانیان ناچار بە دانوستان بکەن و لە مێژووی خەباتی خۆیدا پارتی چۆک بە نەیارانی کوردستان دابدات بهرامبهر به ویستی گەلی كوردستان، هۆکاری ئەو سەرکەوتنانە و هەڵەنەکردنی ڕێگاشی بۆ بەشداریی هەزاران کوڕ و کچی کوردستان گەڕاندەوە کە جگە لە هێزی دەست و بازوو، بە بیرکردنەوەش لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی و بارزانیدا بوون. هەروەها پارتی بە تاکە حزبی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دانا کە بۆ یەک جاریش درۆی لەگەڵ میللهت و خهڵكى خۆی و بنکەی خۆیدا نەکردووە و زۆر جار باجی ڕاستگۆیی داوە، هەربۆیە دڵنیا بوو لەوەی کە پارتی بە پشتیوانیی لاوان و ئـافرەتان، ھیچ ڕۆژێک نابەزێت و ناکەوێت.
ئاماژەی بە بەرنامەی پارتی کرد کە هاوشان لەگەڵ ئافرەتان و لاوان و قوتابیان ڕووی لە داهاتووە و پێی وایە ژیان و ھیوا و پێشکەوتن لە داھاتوودایە و دەیانەوێ داھاتووێکی جیاوازتر و ڕەنگینتر دروست بکەنەوە. نەوەی پێشتریشی بە هێزی لەبڕان نەهاتووی پارتی دانا کە لە ئێستا و داهاتووشدا پارتی لە بەرزیدا دەهێڵنەوە و بەرامبەر پیلانی ناحەزان دەوەستنەوە.
نێچیرڤان بارزانی، پارتی لەپاڵ سیاسیبوونیدا بە حزبی ژمارە یەک دانا کە خوازیاری گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییە لە کوردستانێک کە ئەمڕۆ کۆمەڵگایەکی کراوە و سەردەمییانەیە و تیایدا ژنان و پیاوان بەبێ جیاوازی لە کایەکانی ژیاندا بەشدارن. لەو ڕووەوە باسی لەو بڕیار و یاسایانەی دوو دەیەی ڕابردوو کرد کە بۆ بەرگریی لە مافی ژنان و ئـافرەتان لە پەرلەمان و حکوومەت دەرکراوە و بەرەوڕووی توندوتیژیی کۆمەڵگە لە ئـاست کچان و ئـافرەتاندا وەستایەوە و یەکسانیی کۆمەڵگەی کوردستانیشی بۆ هەوڵی بەردەوامی پارتی گەڕاندەوە کە ئێستاش لە چوارچێوەی لیستی ١٨٣دا کاری بۆ دەکات.
پرسی ئازادیی ڕادەربڕین، تەوەرێکی دیکەی وتارەکەی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو و لەو بارەیەوە بەڕیزیان پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەوانی بەپێی یاسا و هەروەها ئـازادیی بیروڕای بە مۆرکێکی ھەرە گەورەی ھەرێمی کوردستان زانی و پێداگر بوو لەسەر ئەوەی کە لەو مەسەلەیەدا بەرەودوا ناچنەوە. نەبوونی بەندیخانەی سیاسیی بە باشترین نموونەی ئازادی هێنایەوە کە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بێ وێنەیە. جەختی لەسەر پێشخستنی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە کردەوە بە جۆرێک کە ھیچ ھێزێک و ھیچ سیستەمێکی دەرەکی، نەتوانێت کۆنترۆڵی بکاتەوە و کۆتایی بە خەونی ناحەزان بۆ داگیرکردنەوەی کوردستان بهێنین. هەر بۆیە لەپێناو گەشەپێدانی زیاتری ئابووری، پەرەسەندنی ئاوەدانی و ژیان بە سەربەرزی، داهاتوویەکی گەش بۆ گەلى كوردستان و دوورهێشتنەوەی کوردستان لە کۆیلایەتی و نەچوونە ژێر دەسەڵاتی ھیچ ھێزێکی دەرەکی، بە پێویستی زانی دەنگ بە لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.
نێچیرڤان بارزانی، ڕەخنە و گلەیی هاوڵڵاتیانى لە دەسەڵات بە مایەی خۆشحاڵی دانا و بوونی خەڵکی ناڕازیی وەک نیشانەی ھیوا و ئـاواتی گەورەتر و لەدایکبوونێکی نوێ لەقەڵەم دا، دڵنیاییشی دا کە حزبەکەی هەموو کات براوەی یەکەم دەبێت و بە پشتگیریی جەماوەری دڵسۆز و پاک و ڕاستەقینەی، هەمیشە بەهێز دەمێنێتەوە.
جێگری سهرۆكی پارتی، خهڵكی كوردستانی دڵنیا كردهوه كه ئـەم بارە ئـابوورییەی ئـێستا کاتییە و وردە وردە تێدەپەڕێت و ئاماژهی به تێپهڕاندنی چوار ساڵی زۆر سهخت دا و ئاشكرای كرد ئهگهر به پشتیوانیی و خۆڕاگریی خهڵك نهبوایه، تێپهڕاندنی بارهكه زۆر زهحمهت دهبوو و تێگهیشتنتان له دۆخی ههرێمی كوردستان هێز و تینێكی زۆری به حكوومهت دا بۆ بهردوامبوون لهسهر ئهركهكانی.
جێگری سەرۆکی پارتی، کوردستانی بە تاکە کۆمەڵگەیەک دانا کە سەرەڕای ھەموو ئـازادییەکیش، ئـیسلامی ڕادیکال و توندڕۆ گەشەی تێدا نەکردووە. هۆکارەکەشی بۆ کەمیی کێشەی ئـابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆڵى گرنگى مهلا و مامۆستایانى ئایینى گەڕاندەوە. هەروەها کوردستانی وەک کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی بە مایەی شانازی دانا کە تیایدا سووکایەتی بە هیچ تایفە و ئایینێک ناکرێت. لەو بارەیەوە ئاماژەی بە هاتنی بەلێشاوی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کرد لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کە بۆ جارێکیش کۆمەڵگەی کوردستان سکاڵایەکیان نەکردووە. لە کاتێکدا هەندێ لە وڵاتە گەورەکان بە هاتنی یەک ملیۆن ئـاوارە ھەراسان بوون، نەبوونی كێشه و ئـاڵۆزی لە ناخی تاکی کوردستاندا بۆ سیاسەتی ژیرانەی سهرۆك بارزانى و حکوومەتی ھەرێم گەڕاندەوە و شانازیی گەورەی بۆ پارتی له قهڵهم دا کە هێزی یەکەم بووە لە حوکمڕانیدا، بۆیه دووپاتى كردهوه كه دهبێت ئهوش قبووڵ بێت كه بهشى گهورهى شانازییهكانیش بۆ پارتى بێت.
نێچیرڤان بارزانی گەلی کوردستانی بە تاجی سەری پارتی دانا و پشتی بە لێدوانێکی سەرۆک بارزانی بەست کە دهڵێت: "خۆمان بۆ ھیچ کەس ناچەمێنین"، بەڵام بۆ گەلی کوردستان نەک جارێک، ھەزار جار خۆمان دەچەمێنین. لەگەڵ ئەوەشدا وێڕای ناردنی سڵاو و ڕێز بۆ گیانی پاكى شەھیدان و بنەماڵە سەربەزەکان و کەسوکاریان، ڕۆڵی ھێزە ئهمنییهكانى ئـاسایش و پۆلیسی بەرز نرخاند کە بۆ ئارامى و سهقامگیریى كوردستان ماندوو دهبن و شهونخوونى دهكهن. سڵاویشی نارد بۆ خەباتکارانی بواری تەندروستی و پەروەردە و خوێندن و ھەموو دەزگاکانی بەڕێوەبردنی وڵات و هاوڵاتییانی کوردستان بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانییەوە لە سەرتاسەری جیهان.
لە کۆتایی وتارەکەیدا لە ئاهەنگی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، جارێکی دیکە داوای لە ئامادەبووان و جەماوەری خەڵکی کوردستان کرد دەنگ بە لیستی ١٨٣ی پارتی بدهن تاوەکو دەنگ و ڕەنگی خۆیان لەوێ بدۆزنەوە و وهك جارانی پێشوو خهونی دوژمنان و نهیاران لهگۆڕ بنێن.
ئەمەش دەقی وتارەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە:
بەڕێزان، خۆشەویستان
ئـەم کاتەتان باش،
ھەموولایهكتان بەخێر بێن،
ھیوادارام ھەمووتان دڵخۆش و بەختەوەر بن.
خۆشحاڵم ئـەمڕۆ جارێکی دیكه لەگەڵ ئـێوەدام، بۆ ئـەوەی ھەموومان پێكهوه بتوانین بهرهو پاشەڕۆژێكی باشتر بۆ كوردستان ههنگاو بنێین.
ئـێوە ھێزی کۆمەڵگەی كوردستانن، ئـێستا و داھاتووی وڵات ھەر بە دەستی ئـێوەیە. دەبێ لە سایەی ڕۆڵی کارای ئـێوەدا، کوردستان بەردەوام بێت لە پێشکەوتن، دەبێ ھەوڵیش بۆ ئـەوە بدەین کە سیستەمی ژیان له كوردستان لە ھەموو لایەکەوە بگۆڕین بەرەو سیستەمێكى پێشکەوتووتر و سەردەمییانەتر. ئـەو گشت ھیوا و ئاواتانهش، بێگومان تەنیا لە ڕێگەی حزبە کۆڵنەدەرەکەی خۆتانەوە دێتە دی، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە.
بهڕێزان
ئـێمە ئـەمڕۆ لێرە پێكهوهین بۆ پشتیوانی لە لیستی ١٨٣ى پارتى. لە ڕاستیدا ئـێمە ھەر تەنیا بۆ ئـەوە لێرە نین کە دەنگ بدەین بە لیستەکە، بەڵکو بۆ ئـەوەش لێرەین کە دەنگی زیاتری بۆ كۆبکەینەوە لەپێناوی ئـەوەی پارتی ھێز و گوڕێکی زیاتری ھەبێ لە بەڕێوەبردنی داھاتووى ئهم وڵاتهدا. ئـێمە مافی خۆمانە خەونی زیاترمان ھەبێ. ھەموو خەڵکیش ئـەو مافەیان ھەیە.
ڕابردوو سهلماندوویهتى کەوا شەراکەتی لاواز و لەرزۆک و بێ بەرنامە، زیاتر کۆسپ دروست دەکات، نەک پێشکەوتن. لەبەرئـەوە دەبێ ئـێمە ھەوڵ بدەین زۆرترین ژمارەی دەنگدەر دەنگ بە لیستی پارتی دیموكراتى كوردستان بدەن، ئهم پارته کە مێژوو سهلماندوویهتى پارتی دەستێکی ئـەمینە و حزبێکی باوهڕپێكراوی زۆرینهی خهڵكی كوردستانه. به پاڵپشتیی ئێوهی خۆشهویستیش، پارتی ههر دهمێنێتهوه حزبی باوهڕپێكراوی ههموو كوردستان.
بهڕێزان، ئـازیزان،
ئـێوە خۆتان دەزانن پارتی لە ڕۆژی یەکەمەوە حزبێکی چالاك بووە و تا ئـەمڕۆ ھەر بە ھێز و گوڕی خۆی ماوەتەوە. ھێزی پارتی لە غەیبەوە نەھاتووە، هێزی پارتی له پشتگیریی ئێوهوه هاتووه، هێزی پارتی لە پشتگیریی خەڵکی ڕەشوڕووت و سادەی کوردستانەوە ھاتووە. پارتی واتە پێشمەرگە، پێشمەرگەش واتە لاوانی گیان لەسەر دەست کە زۆرترین قوربانییان بۆ سەرکەوتنی بەرنامەی پارتی و ئـامانجی پارتی داوە. ئـەمهیه نهێنیى مانەوە و سهركهوتنی بهردهوامى پارتی له كوردستان و عێراقدا.
له ههڵبژاردنهكانی عێراقدا خهڵكانێك ههبوون فاتیحهیان بۆ پارتی دهخوێند، دهیانگوت نهخشهی سیاسیی كوردستان دهگۆڕێت و پارتی جارێكی دیكه هێزی یهكهم نابێت، ئێوه لاوان و گهنجان و ژنان و ئافرهتان و ههموو خهڵكی كوردستان بۆ دوژمنانی كوردتان سهلماند كه پارتی پێشڕهوه و به پێشڕهویش دهمێنێتهوه.
مایەی شانازی و سەربەرزییە ئـەمڕۆ لەگەڵ ئـێوەدا کۆبوومەتەوە. ئـێوە لاوان و قوتابیانی کوردستان، ھاتوون بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و دەنگدان بە لیستی ١٨٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان. ھەروەھا شانازی و سەربەرزییە کە ئـافرەتان و ئافرهتانى وهرزشكار ئـەمڕۆ بەشدارییەکی دیار و بەرچاویان ھەیە. لەبیرتان نەچێ کە ھەر لە سەرەتاوە، پارتی باوەڕی بە یەکسانیی ژن و پیاو ههبووه. پارتی باوەڕی بە ھەموو مافێکی ئـافرەت ھهبووه. زۆر زوو ئـێمە لەو شاخ و دۆڵانەدا قوتابخانەمان بۆ کچان کردووەتەوە و نەمانهێشتووە دهوامیان بهجێ بمێنێ و دوا بکەون.
بەڕێزان، خۆشەویستان
ئـێوە بڕبڕەی پشتی پارتین، ئـەو بڕبڕەیەی کە ھیچ زەبرێک لە مێژوودا نهیچهماندهوه. ھەر پارتی بوو به پشتیوانیی ئێوه ناوی کوردستان و دۆزی گهلى كوردستانى بە دنیا ناساند. ئـێمە بووین ناحەزمان ھێنایە سەر مێزی دانوستاندن. وامان کرد، ههر ئهم پارتیهی بوو وایكرد نەیارانی کوردستان بهرامبهر به ویستی گەلی كوردستان، بێنە سەرچۆک. ئـێمە بووین لە مێژووی ٧٢ ساڵهی پارتیدا یەک جاریش ڕێگەمان بە دۆزی کوردستان، ھەڵە نەکرد.
دەزانن بۆ؟ !
لەبەرئـەوەی ھەموو ساتێک ھەزاران لاوی وەک ئـێوە، کوڕان و کچانى كوردسـتان، نەک تەنیا بە ھێزى دهست و بازوو، بەڵکو بە ھێزی مێشک و بیرکردنەوەی خۆیان، لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی و لهگهڵ بارزانیدا بوون.
بهڕێزان
حزبێک ھەزاران و دەیان ھەزار مێشکی لاوی لەگەڵدا وەستابێت، حزبێک دەیان ھەزار خاتوونی وەک ئـێوەی لە پشت بێت، ھیچ ڕۆژێک ڕێگە ھەڵە ناکات و سەری لێ ناشێوێت. پارتی تاکە ڕێکخستنێکە لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کە بۆ یەک جاریش درۆی لەگەڵ میللهت و خهڵكى خۆی نەکردووە. ئـێمە زۆرجار ئـەگەر باجیشمان دابێت، لهبیرنهكهن ئێمه باجی ڕاستگۆییمان داوە بهرامبهر به گهلی كوردستان. زۆرن ئـەو لایەنانەی کە باجی چەوتی و ھەڵەی سەرکردایەتیی خۆیان دەدەن له كوردستاندا.
حزبێکی وەک پارتی کە ھەموو تەمەنی خۆی وەک ئـەمڕۆ لەگەڵ بیری لاوان و ئـافرەتاندا بووبێت و پشتی بەوان گرێ دابێت، دڵنیا بن ئـەو حزبە ھیچ ڕۆژێک نابەزێت و ناکەوێت و بهرهو سهركهوتن دهڕوات. ئـەوەش لەبیر نەکەین کە پارتی تاکە حزبێکە لە ڕابردوودا ناژیت، ئـێمە ڕوومان لە داھاتووە، ئـافرەتان و لاوان و قوتابیانی ئێمه ڕوویان له داھاتووە، لەبەرئـەوەی ژیان و ھیوا و پێشکەوتن لە داھاتوودایە. ئـێمە بەردەوام دەمانەوێ داھاتووێکی جیاوازتر و ڕەنگینتر دروست بکەینەوە.
خۆشەویستان،
ئهمڕۆ كه ئێمه بهرهو ههڵبژاردنهكانی كوردستان دهچین، ئـێوە بازووی لێ ھەڵبماڵن بۆ ئـەوەی لیستی ١٨٣ی پارتی سەر بکەوێ، ئـەو لیستەی كه سەتان خەباتکارى وهك خۆتان دەگرێتە خۆی کە زۆربەیان کچ و کوڕانی گهنجی ئهم وڵاتهن. ئـەم بهڕێزانه چەپکەگوڵی وڵاتن کە پارتی دەستنیشانی کردوون بۆ خزمەتی دۆزی گهلى كوردستان. داواتان لێدهكهن دهنگیان پێ بدهن، سهركهوتنی پارتی سهركهوتنی كوردستانه.
خۆشهویستان،
نهوهى دوێنێ، بابوباپیرانتان كه ههمیشه دهنگیان به پارتى داوه و ههمیشه دهنگ به پارتى دهدهن، ئـەوان وەک چۆن لە ڕابردوودا ھێزی پارتی بوون، ئـێستا و لە داھاتووشدا ھەروا دەمێننەوە. ئـەوان بوون، ئهو خۆشهویستانه بوون كه نهیانهێشت پارتی بكهوێت و ههمیشه پارتییان بهرهو سهركهوتن بردووه. ئهوان بوون كه پارتییان له ترۆپكی بهرزیدا ڕاگرت. ئـەوان بوون كه بهرامبهر پیلانى دوژمن و ناحهزان وهستانهوه و نەیانهێشت پارتی بکەوێت. پارتی تەنیا ھەر حزبی خەباتی سیاسی نییە، بەڵکو پارتی حزبی گۆڕانكاریی کۆمەڵایەتیشە.
لە ھەرێمی کوردستاندا کە پارتی دیموکراتی کوردستان حزبی ژمارە یەکە، ئـەمڕۆ کۆمەڵگهی ئێمه کراوە و سەردەمییانەتره. بڕۆن سەیری زانکۆ بکەن، سەیری ڕێستۆرانت و کافێ بکەن، سهیرى فهرمانگاكان بكهن، کچان و کوڕان، پیاوان و ژنان، بێ جیاوازی، ھاوشان و یەکسان و تەبای یەکترن.
ئـێمە لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە چەندین یاسا و بڕیارمان بۆ بەرگری لە مافی ژنان و ئـافرەتان لە پەرلەمان و حکوومەت گۆڕی. ئـێمە بەرەوڕووی توندوتیژیی کۆمەڵگە لە ئـاست کچان و ئـافرەتاندا وەستاینەوە. ھانی ڕاگەیاندمان دا بەردەوام ھۆشیاری بڵاو بکاتەوە. ئێمه بووین وامان كرد ئافرهت ئیتر ئازایانه بۆ مافهكانى خۆى بێته دهنگ. ئافرهتانی ئێمه دوای ئهو ههنگاوانه گوتیان: ئێمهش ههین، ئێمهش مافمان دهوێت. بۆیە ئـەو یەکسانییەی ئـێستا لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دەیبینین، زۆر لەمێژە پارتی کاری بۆ کردووە. لە پەرلەمانی داھاتووشدا لیستی ١٨٣ کار بۆ یەکسانی دهكات لهم وڵاتهدا.
ھەروەھا، پرسی دەربڕین و ئـازادیی ڕۆژنامەوانی لە ھەرێمی کوردستاندا پرسێکە بەپێی یاسا پارێزراوە و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران بە کردەوە پراکتیکی سەربەخۆیی دەکەن. ئـازادیی بیروڕا مۆرکێکی ھەرە گەورەی ھەرێمی کوردستانە و لەم مەسەلەیەدا ئـێمە بەردهوام دهبین. لە ھەرێمی کوردستاندا گەورەترین گەشەی خوێندەواری ھەیە لە چاو دەوروبەردا. زۆربـەی ئــەوانـەی حـەز دەکەن خوێندنی زانکۆ تەواو بکەن، ڕێگەیان لەبهردهمدا کراوەیە.
لەم ھەرێمەدا بەندیخانەی سیاسیمان نییە و کەس بە ھۆی بۆچوونی سیاسی، تووشی سەرکوتینەوە نەبووە. باشە لە کام وڵاتی دەوروبەردا ئـەم ھەموو ئـازادییە ھەیە؟ لە داھاتووشدا دەمانەوێ کۆمەڵگەی کوردستان لە ھەموو ڕوویهکەوە بە جۆرێک پێش بکەوێت کە ھیچ ھێزێک و ھیچ سیستەمێکی دەرەکی، نەتوانێت کۆنترۆلی بکاتەوە.
دەمانەوێ داگیرکردنەوەی کوردستان بۆ ناحهزان ببێته خهونێك و دهبێ ههر بهو خهونهشهوه سهر بنێنه گۆڕهوه. لەبەرئـەوە دەبێ دەنگ بە لیستی ١٨٣ پارتی بدهین تاوەکو ئـابووریمان زیاتر گەشە بکات. بۆ ئـەوەی ئـاوەدانیمان زیاتر پەرەبسێنێ. بۆ ئـەوەی تاکی کوردستان لە ئـاستێکی بەرزتردا بژیت. بۆ ئـەوەی جارێکی دیكه گەلی کوردستان نەبێتەوە بە کۆیلە. گەلێکی پێشکەوتوو، ھەرگیز ناچێتە ژێر دەسەڵاتی ھیچ ھێزێکی دەرەکی. ھەر ئـەمەشە نهێنییە گەورەکەی سەرکەوتنی پارتى و ھەرێمی کوردستانه. دڵنیاتان دەکەینەوە کەوا ئـەم بارە ئـابوورییەی ئـێستاش ھەیە بارێکی کاتییە و وردە وردە تێدەپەڕێت.
ئیمه چوار ساڵی زۆر سهختمان بهڕێكرد، ئهگهر به پشتیوانیی ئێوه نهبوایه، به خۆڕاگریی ئێوه نهبوایه، زۆر زهحمهت دهبوو بارهكهمان. تێگهیشتنتان له دۆخی ههرێمی كوردستان وایكرد هێز و تینێكی زۆری به ئێمه دا بۆ بهردوامبوون لهسهر ئهركهكانمان.کوردستان چاوى له داھاتوویهکی گەشه. جارێکی دیكه سەرکوتکردن و زەوتکردن و پێشێلکردن، نایهنهوه کوردستان.
كچان و کوڕانى ئـازیزی وڵات،
دڵنیا بن سەرەڕای ھەموو کۆسپ و تەگەرەیەک، ئـێوە و پارتی، کوردستان دەگەیننه لووتکە. ئـێوە زۆر جار گوێتان لێ دەبێت کە خەڵک گلەیی لە دەسەڵات دەکەن. منیش زۆر گلەییم پێدەگات، کە ئـەمە جێی خۆشحاڵییە. ئـێمە پەست نابین لەوەی ھاووڵاتی گلەیی بكات، لەبەرئـەوەی بوونی خەڵکی ناڕازی، نیشانەی ھیوا و ئـاواتی گەورەترە. ئـێمە شانازی بە خەڵکی زیندووی خۆمانەوە دەکەین. ھەروەھا دڵخۆشین کەوا کۆمەڵگەی ئـێمە کۆمەڵگەیەکی سست و خاو نییە. وەک پێشتریش وتم کوردستان چاوى له ھیوای گەشه. ناڕەزایی و گلەییی خەڵک، بەلای ئـێمەوە نیشانە و ئـاماژەن بۆ لەدایکبوونێکی نوێ.
بەڕێزان،
زوو زوو لە بابەت دوور دەکەومەوە، بهڵام خۆتان دەزانن ئـێمە بۆیە لێرە كۆبووینهوه، بۆ ئهوهى دەنگ بۆ لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان زیاد بکەین. ھەرچەندە دڵنیاین کەوا پارتی ھەموو کاتێك به پشتیوانی ئێوه براوهی یهكهم دهبێت له كوردستاندا.
قسەیەک ھەیە خەڵک بۆ گاڵتە لەبارەی پارتییەوە دەیکەن، بەڵام ئـەو قسەیە لە ناوەڕۆکدا ڕاستییەکیشی تێدایە، بۆیە جێی خۆیەتی منیش باسی بکەم. دەڵێن: ئـەگەر پارتی لەگەڵ وڵاتی چینیشدا ململانێی ھەڵبژاردن بکات، ھەر پارتی دەیباتەوە. ئـەو قسەیە ھەرچەندە گاڵتە بێت، بەڵام نیشانەی ھێزی پارتییە. ھەروەھا نیشانهیهكى ڕوونى بێهیوایی و دۆڕانی ئـەوانەیە کە بەردەوام ھەوڵ دەدەن پارتی ببەزێنن و قهت ئهو ڕۆژه نایبینن. دڵنیا بن پارتی نابەزێت، لەبەرئـەوەی جەماوەرێکی دڵسۆز و پاک و ڕاستەقینەی وهك ئێوهى لەگەڵدایە.
خۆشەویستان،
ئـێمە دەبێ قووڵتر لە کوردستان بڕوانین تا نرخی دەسکەوتەکانی خۆمان باشتر بزانین. نموونەیەکتان بۆ دەھێنمەوە: سەرەڕای ھەموو ئـازادییەکیش کە ھەمانە، کۆمەڵگەی کوردستان تاکە شوێنێکە کە ئـیسلامی ڕادیکال و توندڕۆ گەشەی تێدا نەکردووە. چاکەی ئـەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی کێشەی ئـابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆڵى گرنگى مهلا و مامۆستایانى بهڕێزى ئایینى لە کوردستاندا. لەبەرئـەوەی توندڕۆیی تەنیا لە ژینگەی کێشەداردا سەرھەڵدەدات.
کوردستان تاکە کۆمەڵگەیە لە دنیای ئـیسلامدا ھیچ تایەفە و ئـاینێک بە سووکی سەیری تایەفە و ئـاینێکی دیكه ناکات. ئـەمەش شانازییەکە ئیمه شانازی پێوه دهكهین و قهت نابێ لە بیری بکەین. ساڵانی ڕابردوو ھەرێمی کوردستان باوەشـی بۆ نزیكهى دوو مـلیۆن ئـاواره و پهنابهرى شەڕی داعش کردەوە بێ ئـەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ یەک جاریش سکاڵایەکیان لێ بەرز بکاتەوە.
ھەرچەندە ئـەو ژمارەیە بۆ دانیشتوانی بچووکی ھەرێم زۆر گەورە بوو. وڵاتی زۆر گەورە ھەیە کە بە ھاتنی یەک ملیۆن ئـاوارە ھەراسان بووە. دەبێ ئـێمە بزانین کەوا نەبوونی كێشه و ئـاڵۆزی لە ناخی تاکی کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ژیرانەی سهرۆك بارزانى و حکوومەتی ھەرێم لە ماوەی ڕابردوودا. شانازیی پارتی لەم بوارەدا شانازییەکی گەورەیە لەبەرئـەوەی پارتی ھێزی یەکەم بووە لە حوکمڕانیدا و دڵنیا بن به ههوڵ و هیممهت و دڵسۆزیى ئێوه، پارتى ههر به هێزى یهكهم و گهورهى كوردستان دهمێنێتهوه.
ئـەگەر باسی گلەیی و ناڕەزایی بكرێت، ئـەوە ھەموولا ڕوویان لە پارتییە، لەبەرئـەوەی پارتی ھێزی یەکەمە، کەواتە لە مەسەلەی شانازییەکانیشدا دەبێ قبووڵی بکەین کە بەشە زۆرەکەی بۆ پارتی بێت. حزبێک ئـەگەر زۆرترین شانازی ھەبێت، مافی خۆیشی دەبێت چاوەڕوانی زۆرترین دەنگ بکات لە ھەڵبژاردندا. بۆیە منیش دەڵێم ڕۆژى سیى ئهیلوول دەنگ بدهن بە لیستی (١٨٣)ى پارتى دیموكراتى كوردستان.
لە ڕێگەی ئـێوە و لە ڕێگەی ڕاگەیاندن، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم ھەرگیز بە قسەی ناحەزانی کوردسـتان و نـاحـەزانی پـارتی بـاوەڕ نەکەن. پارتی و گەلی کوردستان یەک گیانن لە دوو جەستەدا.
خەونی ئـێمە، خهونی پارتی بۆ ئـێوەیە. خەونەکانیش مافی ڕەوا و ڕاستەقینەی خۆمانن، کە ئـەمڕۆش نەبێ، سبەی ھەر دێنە دی. ئـێمە وەک پارتی فێر نەبووین زۆر بڵێین، بەڵام ئـێمە بە کردەوە قسەی خۆمان دەکەین. من ھیچ بەڵێنێک بۆ ئـێوە ناخوێنمەوە، تەنیا کردەوەکانمان باس دەکەم. تکاتان لێ دەکەم، ئـێوە دڵتان خۆش بێت بەم وڵاتە جوان و ڕەنگینەی خۆتان. دڵتان خۆش بێت بەم گەلە ئـاشتیخوازهی خۆتان. کوردستان بەھەشتی ئـێمەیە و بە ھەموو دنیای ناگۆڕینەوە. دەبێ دڵتان خۆش بێت بە ھێزە ئهمنییهكانى ئـاسایش و پۆلیس کە بۆ ئارامى و سهقامگیریى كوردستان، ماندوو دهبن و شهونخوونى دهكهن.
دڵتان خۆش بێت بە بهو پێشمهرگانهی كه له سهنگهری پێشهوهن بۆ بهرگریكردن له كوردستان. دڵتان خۆشبێت به دەسەڵاتی خۆماڵی سەرەڕای ھەموو کەموکورتییەکانی.
ئـێمە خۆمان بە قەرداری ئـێوە دەزانین. گەلی کوردستان تاجی سەری ئـێمەیە، تاجی سەری پارتییە. ئـێمە وەک جهنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی: خۆمان بۆ ھیچ کەسێك ناچەمێنین، بەڵام بۆ گەلی کوردستان نەک جارێک، سهد جار خۆمان بۆ گهلی كوردستان دەچەمێنین.
لێرەدا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكى شەھیدان، بۆ بنەماڵە سەربەزەکان و کەسوکاریان، سڵاو بۆ پێشمەرگە، سڵاو بۆ ئـاسایش، سڵاو بۆ پۆلیس، سڵاو بۆ خەباتکارانی بواری تەندروستی و پەروەردە و خوێندن و ھەموو دەزگاکانی بەڕێوەبردنی وڵات سڵاو لە خەڵکی لادێ و ناوچە دوورەکان، سڵاو بۆ ھاوڵاتیانی کوردستان لە ھەندەران، سڵاو لە ھەموو کوردێک لە ھەر کوێی دنیا بێت، سڵاو بۆ یەکە یەکەی خەڵکی کوردستان، لە کورد و تورکمان و ئـاشووری و کلدان و سریان و ئـەرمەن، لە موسڵمان و کریستیان و ئـێزیدی و کاکەیی، سڵاو لە خوشك و برایانی شەبەک و فەیلی، ئـەم خاکە پیرۆزە خاکی ھەموویانە وەکو یەک، حکوومەتی ھەرێم حکوومەتی خۆیانە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش حزبی ئـەوانە، بۆیە دواجار دووبارەی دەکەینەوە:
دەنگ بدەن بە لیستی ١٨٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان تاوەکو دەنگ و ڕەنگی خۆتان لەوێ بدۆزنەوە، تا ههموو گهلی كوردستان ههست بكات كه بهشدارن لهم پرۆسه سیاسییهدا، داواتان لێدهكهم زۆر به جددی ئهم جارهش سهركهوتنێكی گهورهی وهكو جاری پێشتر بۆ پارتی تۆمار بكهن.
جاری پێشتر پێمگوتن ئێوه خهونی ناحهزان و دوژمنانی پارتیتان خسته چاڵهوه، ئهمجارهش وهكو ههموو جارهكان، یهك دهنگ بۆ ئێمه زۆره، داواتان لێدهكهم له ڕۆژی دهنگدان ههموومان بهیهكهوه بهرهو سهندووقهكانی دهنگدان بچین و دهنگ بهم خۆشهویستانه بدهین كه لێره ئامادهن و دهیانهوێ خزمهتی ئێوه بكهن.ئێوه شاد و سهركهوتوو بن و ئالای پارتیش ههر چهكاوه بێت.
دووباره بهخێر بێن.