Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوته‌بێژی پارتی: پارتی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق دەبێت

 

هه‌ولێر-KDP.info-  پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایده‌گه‌یێنێ، كە پۆستی سەرۆكی كۆمار ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و نابێ هیچ لایەنێك تەنیا بە مڵكی خۆی بزانێت. پارتی له‌سه‌ر زاری گوته‌بێژی فه‌رمییه‌وه‌ جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ پارتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق كاندیدی خۆی دەبێت.


لێدوانێك لە وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، دەربارەی پاڵاوتنی دكتۆر بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆككۆمار لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە:

ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوا كۆبوونەوەماندا لەگەڵ جێگری سكرتێری گشتی و بەرپرسی دەستەی كارگێری و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی، خواست و هەوڵەكانمان بۆ ئەوە بوو وەك چۆن بە یەكگرتوویی و یەك بەرنامەیەیی لە بەغداین، هەرواش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر یەك كاندید رێكبكەوین، هەروەها وەكو ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەحەقی خۆمان زانی  پۆستی سەرۆك كۆمار كە چەند جارێكە لە لایەن یەكێتیەوە كاندیدی بۆ دیاری كراوە، ئەم جاریان لە لایەن پارتیمانەوە و بە كاندیدی پارتیمان پر بكرێتەوە، لەم بارەوەش پێشنیار و را گۆرینەوەمان هەبووە، بڕیار وابوو برایانی یەكێتی دوای گەڕانەوەیان بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی ئاگادارمان بكەنەوە، بەڵام ئاگاداریان نەكردینەوە تا ئەمرۆ لە راگەیاندنەوەکانەوە بیستمان كە دكتۆر بەرهەم ساڵحیان دوای گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی، تاك لایانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پاڵاوتووە.

ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنین كە پۆستی سەرۆكی كۆمار ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و نابێ هیچ لایەنێك تەنیا بە موڵكی خۆی بزانێت، بۆیە پارتیمان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدی خۆی دەبێت.

مەحمود محەمەد
وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
19/9/2018