Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەسام عەلی: ژمارەیەکی زۆری لاوان لە هەڵەبجە پێوەندییان بە پارتی کرد

 

هەڵەبجە -KDP.info- ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆر لە لاوانی سەر بە حزبەكانی هەڵەبجە ڕۆیشتنە بارەگای لقی 12ی پارتی و لەگەڵ بەرپرسی لق كۆ بوونەوە، بەڵێنیشیان دا لە 30ی ئەیلوولدا كار بۆ سەرخستنی لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن.

 

بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ 19-9-2018 لە بارەگای لق پێشوازیمان لە ژمارەیەكی زۆر لە لاوانی حزبەكانی تری سنوورەكە كرد، كە پێوەندییان بە ڕیزەكانی پارتیمانەوە كرد و، بەڵێنیان دا درێژە بە خەباتی خۆیان لە ڕیزەكانی پارتیدا بدەن، ئێمەش بەڵێنمان پێ دان ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتكردنی لاوانی سنوورەكە درێخی نەكەین".

سەبارەت بە هۆكاری هاتنی ئەو لاوانە بۆ ناو ڕیزەكانی پارتی لە هەڵەبجە، عەلی دەڵێ: "ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و دەوڵەتسازیی پارتی، ئەو هۆكارانەن وای لەو لاوانە كردووە پێوەندی بە ڕیزەكانی پارتیمانەوە بكەن".

بەرپرسی لقی 12ی پارتی دەشڵێ: "داوامان لەو لاوانە كرد كە دەنگی خۆیان ببەخشن بە لیستی 183ی پارتی، بۆ ئەوەی هەروەكچۆن ئەو ناوچانەی پارتی تێیاندا باڵادەستە و خزمەتگوزارییان بۆ كراوە، ئاواش دەستی ئاوەدانی و خزمەت بگاتە ئەم ناوچانەیش".

لە سنووری سلێمانی – هەڵەبجە، حزبەكان بە بەرنامە شەڕی ئیرهابی فیكری لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەن، ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژە دەدات: "شەو و ڕۆژ كار دەكەین بۆ شكاندنی ئەو ئیرهابە فكرییەی لە لایەن حزبەكانەوە لە سنوورەكە دژی پارتیمان پەرپا كراوە، ئێستایش دەبینین پۆل پۆل لەم ناوچانە لاوان پێوەندی بە ڕیزەكانی پارتیمانەوە دەكەن، چونكە لاوانی ئەم سنوورە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە پارتی پەیامی ڕاستەقینەی كوردانەی پێیە و خاوەنی بەڵێنە، دڵنیام لەمەودواش پۆل پۆل لاوان پێوەندی بە ڕیزەكانی پارتیمانەوە دەكەن."

 

لەبارەی پێشبینییان بۆ دەنگەكانی پارتی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە 30ی ئەیلوولدا، ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی: "دەنگەكانی پارتی لە هەڵكشاندان و بە دڵنیاییەوە ڕێژەی دەنگەكانی پارتی لە چاو دەنگەكانی 12-5ـی ئەمساڵ، ڕێژەیەكی بەرچاو زیاد دەكەن".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی