Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دكتۆر بەشیر: ناوی هیچ بەربژێرێك بۆ سەرۆككۆماری نەنێردراوەتە ئەنجوومەنی نوێنەران

 

بەغدا-KDP.info- جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، رۆژی یەكشەممە دواكاتە بۆ ناردنی ناوی كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار. رەتیشی دەكاتەوە، كە هیچ كەسێكی سوننە بۆ ئەو پۆستە خۆی بەربژێر كردبێت.

دكتۆر بەشیر حەداد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "تا ئێستا ناوی هیچ بەربژێرێك بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق نەنێردراوەتە ئەنجوومەنی نوێنەران، دواوادەیش بۆ ناردنی ناوی كاندیدەكان، رۆژی یەكشەممەی حەفتەی داهاتووە".

حەداد روونیشی دەكاتەوە، بە پێی یاسا كاتێك ناوی بەربژێرەكان دەنێردرێتە ئەنجوومەنی نوێنەران، دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا پۆستی سەرۆككۆماری بۆ یەكێك لە كاندیدەكان یەكلا بكرێتەوە، "گەر شتێكی نوێ روو بدات، دەكرێت بۆ یەك مانگ یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستە درێژ بكرێتەوە، كە دەكاتە ٣ی ١٠، بوار بۆ یەكلاكردنەوەی دەمێنێت".

بەپێی هەواڵەكان، تا ئێستا شەش كەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە و دووان لەوان عەرەبی سوننەن، بەڵام دكتۆر رەتی كردەوە، ناوی هیچ كاندیدێك گەییشتبێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوكات خۆبەربژێركردنی كەسانی سوننەی عەرەبیش بە ناڕاست دەزانێت و دەڵێ: "ئەوان باش دەزانن ئەو پۆستە بەپێی رێككەوتنی پێكهاتەكانی عێراق، پشكی كوردە، بۆیە وەها كارێك ناكەن، نە سوننە خۆی كاندید دەكات، نە شیعە".

 

خێڵان بەختیار