Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ١٠ ساڵدا، بەقەد ٨٠ ساڵ خزمەتگوزاری لە سێكتەری پەروەردەدا پێشكەشی ھەولێر كراوە

 

ھەولێر-KDP.info-  تەنیا لە ١٠ ساڵدا، بەقەد ٨٠ ساڵی ڕابردوو خزمەتگوزاریی لە سێكتەری پەروەردەدا پێشكەشی ھەولێر كراوە، كە لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا، ٦٠٨ قوتابخانە و باخچەی ساوایان لە سنووری پارێزگای ھەولێر كراونەتەوە و، ھەزار و ٦٤٣ قوتابخانە و باخچەی ساوایانیش نۆژەن كراونەتەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٤ و لەگەڵ دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە ژێر درووشمی "تەبایی و ئاوەدانی"، لە كابینەی یەكگرتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا، لەو كاتەوە ئاوەدانی و بنیاتنان لە ھەرێمی كوردستان و بە تایبەت لە ھەولێری پایتەختدا دەستی پێكرد، بە جۆرێك ژمارە و خەرجیی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە، تەنیا لە ماوەی ئەو ١٠ساڵەدا، ھاوتای ٨ ساڵی ڕابردووی پارێزگای ھەولێرە.

لە ساڵی ٢٠٠٤ـوە تا كۆتایی ٢٠١٣، جگە لە كار و چالاكییەكانی پارێزگای ھەولێر، ١٤ ھەزار و ٣٧٦ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە بە گوژمەی ٢٩ ملیار و نیو دۆلار، بە كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ كراون، كە لە ٨٠ ساڵی مێژووی ڕابردوودا، پارێزگای ھەولێر ئەوەی بە خۆوە نەدیوە.

بۆ نموونە، سێكتەری پەروەردە وەربگرین، لەگەڵ دانانی یەكەم موتەسەریف لە ساڵی ١٩٢٣ بۆ ھەولێر و لەو كاتەوە تا ساڵی ٢٠٠٤، بەپێی داتاكان، پارێزگای ھەولێر لە سێكتەری پەروەردەدا ھەژار بووە، كە جیا لە كەمیی باخچەی ساوایان، لە ساڵانی نەوەدەكان بە دەگمەن قوتابخانەیەك ھەبوو سێ دەوامی تێدا نەكرێت. ژوورەكانی خوێندنیش، جێی كەسی دیكەی تێدا نەدەبووەوە، كە زۆرێكیان زیاتر لە ٦٠ قوتابی تێیدا دەیخوێند. ئەوكات ژمارەی قوتابخانە و باخچەی ساوایانی كۆی سنووری پارێزگای ھەولێر ٨٠٤ قوتابخانە و باخچەی ساوایان بوو، كە لە دە ساڵی (٢٠٠٤-٢٠١٣) داھاتوو، بە گوژمەی ٤٨٩ ملیار و ٦٩ ملیۆن و ٨٢٠ ھەزار دینار، ٦٠٨ قوتابخانە و باخچەی ساوایان لە سنووری پارێزگای ھەولێر بنیات نراون.

هەروەها ھەر لەو دە ساڵەدا، ھەزار و ٦٤٣ قوتابخانە و باخچەی ساوایان نۆژەن كراونەوە.
سەرەتای ساڵی ٢٠١٤، بە ھۆی بڕینی بەشەبودجەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی بەغداوە، تەنگژەی دارایی لە ھەرێمی كوردستان سەریھەڵدا و دواتریش شەڕی داعش، پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی سست كردن، ئەگەرنا بەپێی ئەو پلانەی سەرۆكوەزیران نێچیرڤان بارزانی داینابوو، ئێستا ژمارە و تێچووی خزمەتگوزارییەكان چەندبەرانبەر بوون.

چواس خالید-هەولێر