Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئاشکرا دەکات

 

ھەولێر-KDP.info-  بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، لە چەند رۆژی دابێ، کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئاشکرا دەکەن، ئەو پۆستەش بە مافی خۆیان دەزانێت.

 

دوێنێ یەکشەممە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان یەکلایی بووەوە، هاوکات رۆژی سێشەممەش دیاری کرا بۆ دیاریکردنی پۆستی سەرۆککۆمار، لەو نێوەشدا چەند لایەنێکی کوردستانی کاندیدیان بۆ ئەو پۆستە دیاری کردووە، هاوکات بە مافی خۆیشیانی ناو دەزانن.

عەلی حوسێن بەرپرسی پێوەندییە نیشتیمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەو پۆستە یەکلا بووەتەوە، کە بۆ کوردە، پێشتریش وەکو پارتی لە زۆر پۆستی دیکەی بەغدا کە مافی ئەوان بووە و، لەبەر هەندێ هۆکار داویانە بە لایەنی دیکەی کوردستانی.

بەڵام وەک عەلی حوسێن بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە ئێستا دۆخی عێراق و کوردستان و ناوچەکە، هاوکات بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن، وا دەخوازێ ئەو پۆستە بۆ ئێمە بێت."

 

ئەو رەتیشی دەکاتەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا هیچ رێککەوتنێکیان لەسەر ئەو پۆستە کردبێت، هاوکات ئاشکرایشی کرد، بۆ هیچ پۆستێکی دیکەش لە کابینەی داهاتووی عێراق هیچ رێککەوتنێکیان نەکرووە.

 

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی روونی دەکاتەوە، لە چەند رۆژی دابێ، پارتی بە فەرمی کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە ئاشکرا دەکات، ئەو پۆستەش بە مافی پارتی دەزانێت، کە لەسەر ئاستی عێراق یەکەمی هێناوە وەک حیزب، "نامانەوێت مافی کەس بخۆین، سازشیش لە مافی خۆمان ناکەین".

 

پێشتر بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق(کورد، شیعە و سوننە) پۆستە سیاسییەکان یەکلا کراونەتەوە، بە جۆرێک کە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوونە و سەرۆکوەزیرانیش بۆ پێکهاتەی شیعە بووە.

ئەم جارە چونکە هاوکێشە سیاسییەکان و ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییە براوەکان و سەرەکییەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق دواکەوتووە و، پاش ماوەیەکی زۆر لە دانوستانی لایه‌نه‌ سیاسییە سوننەکان تواندرا سەرۆکی پەرلەمان دیاری بکرێ، تا ٢٥ی ئەم مانگەش دەبێ کورد کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار یەکلا بکاتەوە، کە پێدەچێ بۆ پۆستە زیاتر لە لەیەنێکی کوردستانی کاندیدیان بۆی هەبێ و، ئەمەش پێویستی بە ڕێککەوتن هەیە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانیشدا.

لەوبارەوە عەلی حوسێن دەڵێ، هەڵبەتە پێشتر بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران رێککەوتنیان لەگەڵ هەندێ لایەنی عێراقیدا هەبووە، "بۆ پۆستی سەرۆککۆماریش لە کاتی خۆیدا رێککەوتنیان دەبێت."

 

خێڵان بەختیار